Accessibility links

ئێلیسا عەلی نەژاد: هەست دەکەم ئێستا وەک پەپولە ئازادم


هونەرمەند و میدیاکاری کورد ئێلیسا عەلی نەژاد، سێ ساڵ پاش کۆچکردن لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ئەو ئێستا "بە خۆشبەختی" لە وڵاتی سوید ژیانێکی نوێی پێکهێناوە و سەرقاڵی کاری هونەرییە.

ئەو گوتی، "هەست دەکەم وەک پەپولە کە چۆن سەرەتا لەناو قۆزاخەدایە و دواتر ئازاد دەبێت منیش ئێستا ئازادم."

ئێلیسای 29 ساڵ پێشتر لە کوردستان بە "وەحید" ناسرا بوو. لە ماوەی پێنج ساڵی ژیانی لە هەرێمی کوردستان، ئەو چەندین گۆرانی بەرهەم هێناوە سەرەڕای کاری میدیایی وەکو بێژەر و پێشکەشکار بۆ ماوەی سێ ساڵ لە کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانی هەولێر تی ڤی و هەتاو.

ئەو دەڵێت بەر لەوەی ساڵی 2018 بەرەو وڵاتی سوید کۆچ بکات، بە بارودۆخێکی دژواردا تێپەڕی لە هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەوەی کە کارەکانی جیاوازبوون و شێوازی دەرکەوتنی لەگەڵ کوردستان "نامۆ" بوو.

ئەو دەڵێت کە گێچەڵەکان تا ئێستاش کاریگەریان لەسەری هەیە بە شێوەیەک " کاتێک کە دەخەوم بە ترسەوە ڕادەپەڕم."

لە لێدوانەکەی بۆ دەنگی ئەمەریکا، ئێلیسا ڕایگەیاند، "هێرشم کرایە سەر، لێم درا، ناحەقیم بەرامبەر کرا، وە زۆر شت کە ئێستا کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕوحم داناوە. تەنانەت ئارەزوو ناکەم بیریشی لێبکەمەوە. سێ ساڵ لە ژورێکدابووم لە هۆتێلێک، تەنانەت نەم دەتوانی بڕۆمە دەرەوە. هاوڕێکانم دەبوایە شەو هاتبان بۆ ئەوەی پیاسەیەکم پێبکەن. تەنانەت من کە نەخۆش دەبووم نەم دەتوانی بچم بۆ لای پزیشک. بارودۆخێکی زۆر ناخۆش بوو؛ تا لە جێگای من نەبیت نازانیت."

ئێلیسا ئێستا لە شاری ستۆکهۆڵم نیشتەجێیە. هاوینی ساڵی ڕابردوو نەشتەرگەریـیەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدرا بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەرزی ترپەی دڵی. ئەو لە ئێستادا سەرقاڵی تۆمارکردنی چەند گۆرانییەکە بە زمانی سویدی، کوردی، ئینگلیزی و فارسی، وە دەڵێت لە داهاتوو بە ڤیدیۆ کلیپ بڵاویان دەکاتەوە.

سەبارەت بەو وڵاتەی کە کۆچی بۆ کردووە، ئێلیسا گوتی، " ئەو سویدیانە ئەوەندە باشن، ئەوەندە میهرەبانن. تەنیا لە ڕووی ئابووری نا بەڵکو لە ڕووی دەروونی و هونەریش یارمەتیدەرم بوون.... ئێستا ژیانم لێرە زۆر خۆشە؛ وەکو مرۆڤێک دەتوانم بژیم و بڕیار بدەم، دەتوانم چیم پێخۆش بێ لەبەریبکەم و دەتوانم خۆم بم."

خێزانی ئێلیسا

ئێلیسا خەڵکی شاری شنۆیە و خێزانەکەی پێکهاتووە لە دایک و باوک و چوار خوشک و سێ برا.

لە بەهاری ساڵی 1991، دوای ئەوەی هێرشەکانی ڕژێمی سەدام حسێن بوونە هۆی کۆڕەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەشێک لەو هاوڵاتیانە ڕوویان لە شاری شنۆ کرد و لەلایەن خێزانەکەی ئێلیسا هاوکاری دەکران.

ئێلیسا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " کاتی هەڵاتنەکە ئەوان لە تەکیە و ماڵی ئێمە دەمانەوە. ئیتر زۆر لەو کەسایەتیانەی کە ئێستا لە کوردستان کە ناسراون لەلای ئێمە بوون."

ئەو دەڵێت دایک و باوکی لە سەرەتای دەرکەوتنی لە میدیای کوردی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی "هەندێک ڤیدیۆی" نەبوون بەڵام سەرەڕای ئەوە پشتگیریان دەکرد و هەوڵی هێمنکردنەوەیان دەدا چونکە لە "بارودۆخی دەروونی" تێدەگەیشتن.

"فرمێسکەکانی دایکم بۆمن هەموو شتێکە. کاتێک تەلەفۆنی دەکرد بەردەوام دەگریا. ئەو دەیزانی من نەم دەتوانی بڕۆمەوە ئێران چونکە بە قاچاغ هاتبووم. دەیزانی دەبوایە بچمە ئەوروپا بۆ ئەوەی بە ئازاد بژیم ،" ئێلیسا بە دەنگێکی پڕ سۆز بۆ خێزانەکەی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند.

ئەو هونەرمەندە ئێستا سەرقاڵە بەوەی ببێتە هاوڵاتی سوید و هیوادارە دوای نزیکەی 3 ساڵ ڕێوشوێنە یاساییەکان تەواو بکات بۆ ئەوەی بتوانێت سەردانی خێزانەکەی بکات.

دوای زیاتر لە 3 ساڵ دوورکەوتنەوە، بیری ئەو ڕۆژانە دەکات کە دایک و باوکە بە تەمەنەکەی چەندین کاتژمێریان دەبڕی بە ئۆتۆمبێل لە نێوان لە شاری شنۆوە بۆ هەولێر تا بتوانن بە منداڵەکەیان شادببنەوە.

ئەو خۆزگەیەکی هەیە بۆ ئەو کاتە: "زۆر پێم ناخۆشبوو کە نەمدەتوانی زۆر شتیان بۆ بکەم، پێمخۆش بوو دڵیان خۆشبکەم. ئەوەی لە دەستم هاتووە بۆم کردوون."

سەبارەت بە کاریگەری گێچەڵەکانی دژ بە ئێلیسا لەسەر خێزانەکەی، ئەو ڕایگەیاند، "دایک و باوکم زۆر دڵیان شکاوە. زۆریان پێناخۆش بوو چونکە بەهەر حاڵ، هەرچیەک بێت، من منداڵی ئەوانم. دوایش دایک و باوک منداڵی خۆیان باش دەناسن کە چی کەسێکە. ئەوان زۆر متمانەیان بە من هەیە. من دروستکراوی دەستی خۆم نیم خودا دروستی کردووم. پێم سەیرە مرۆڤەکان ئازاری کەسێک دەدەن کە ئازاری بۆ کەس نییە."

شانازی کورد بوون

سەرەڕای ئاستەنگەکان، ئێلیسا دەڵێت "من هەمیشە شانازی بەوە دەکەم کە کوردم،" وە دەیەوێت لە ئێستاوە لە ڕێگەی کاری هونەری نوێ گوزارشت لە ناسنامەی خۆی بکات.

ئەو بە متمانەوە ڕایگەیاند، "من بمەوێت یا نەمەوێت کوردم، هەرچەندە من زۆر زۆر دڵم لە کورد شکاوە. کە کەسێک بە کوردی دەدوێت من ترسێک لە بوونمدایە چونکە وا هەست دەکەم هەموویان وەکو یەک بیردەکەنەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە وانییە چونکە هەموو شوێنێک باش و خراپی تێدایە."

سەبارەت بەو کەسانەی کە کێشەی ناسنامەیان هەیە، ئێلیسا دەڵێت پێویستە کە خێزان و کۆمەڵگە پشتگیریان بکەن و حکومەت پارێزگاریان لێبکات. بەبڕوای ئەو "ئیشەکەیان زۆر ئاسانتر دەبێت کە خۆیان دابنیشن لەگەڵ دایک و باوکیان بە ڕاستگۆیانە بۆیان شیکەنەوە و بڵێن، 'دایکە، باوکە، من هیچ مەبەستێکی خراپم نییە. هەستم ئاوایە و پێویستم بە یارمەتی ئێوە هەیە."

لە هەمان کاتدا، ئەو دەڵێت. "زانیاری زۆر گرنگە. با بخوێننەوە بۆ ئەوەی زیاتر خۆیان بناسن... نابێ کۆڵ بدەن. چونکە ڕەنگە ئەو کەسانە بیر لەوە بکەنەوە ژیانیان کۆتایی پێبهێنن. من خۆم یەکێکم لەو کەسانە کە ڕەنگە لە بارودۆخێکدا گوتبێتم، 'ئاخ دەبێت ژیانم کۆتایی پێبهێنم.' بەڵام دواتر هاتوومەتەوە سەرخۆم و گوتومە، 'نا، بۆچی دەبێت ژیان کۆتایی پێبێت؟ من مرۆڤێکم دەتوانم هەوڵ بدەم.' من کەسێک بووم کە هەرگیز نەمهێشت ژیانم چۆکم پێدابدات، هەمیشە بەردەوام بووم و بڕوام بەخۆم بوو وە پشتم بە خوا بەست. دەتوانن بەو ئاواتە بگەن کە دەیانەوێت بەڵام دەبێت هەوڵ بدەن چونکە بە دانیشتن هیچ نابێت."

لە کۆتاییدا، ئێلیسا پێیوایە یەک هۆکار یارمەتیدەری بوو بۆ ئەوەی کۆڵ نەدات: باوەڕ و هیوای بەهێز:

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "من خوام خۆش دەوێت، زۆر زۆر زۆر.زۆر یارمەتی دام و هەمیشە یارمەتیم دەدات. من هەمیشە قسەی لەگەڵ دەکەم. کە نەخۆشم یان ساغم هەمیشە وەک هاوڕێیەک قسەی لەگەڵ دەکەم کە چەندە یارمەتیدەرم بووە. کاتێک کە هەموو کەس پشتی تێکردم ئەو پشتی تێنەکردم چونکە دەیزانی من چەندە بێتاوانم. خۆی منی دروستکردووە و تەنیا ئەو دەزانێت مرۆڤەکان چیان لە دڵدایە. ئەوەندە خۆشم دەوێت کە ناتوانم پێناسەی بکەم. کە خەمێک لە دڵمدا هەیە هەمیشە بەخۆم دەڵێم 'خوام هەیە'. هەمیشە داوای لێدەکەم کە یارمەتیدەرم بێت و خۆشەویستی ئەو لە دڵم زیاتر بێت."

XS
SM
MD
LG