Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئێران و قەیرانی بێ متمانەیی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی


پێناچێت کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەنناوە توانیبێتی هەر هیچ نەبێت نیمچە هەنگاوێکی نابێت بۆ دروستکردنی متمانە لە نێوان تاران و پایتەختەکانی وڵاتانی جیهاندا.

هێشتاش ئەم وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی سیاسەتەکانیەوە جێی مشتومڕێکی زۆرە لە نێوەندەکانی جیهاندا.

هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەڕێی بەرنامە ناوکییەکەیەوە، دەستێوەردانەکانی ئێران لە گەورە و بچوکی کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا، بەرنامەی موشەکی باڵستیکی و هەروەهاش دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەشێکی بەرچاوی ناجێگیریی ئاسایشی و ناسەقامگیرین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەمەریکا سزای نوێ دەسەپێنێتە سەر ژمارەیەک کۆمپانیا و ئەو کەسانەی دەستیان هەیە لە پشتیوانکردنی بەرنامەی درۆنەکانی ئێراندا.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت، هێزەکانی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێناوە و پەرەی پێداوە بۆ بەکارهێنانی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی کە ئێران پشتیوانیان دەکات، لە ناویاندا حزبوڵا، حەماس، کەتایب حزبوڵا و حوسییەکانی یەمەن و هەروەها بۆ ئەسیوبیا، کە قەیرانەکەی بەرەو هەڵکشانێکی مەترسیدار دەڕوات بۆ ناجێگیرکردنی پانتاییەکی زیاتر لە جیهاندا.

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کوشندە لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان و هێزەکانی ئەمەریکادا بەکارهاتوون.

واڵی ئەدیمۆ، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکادەڵێت " بڵاوکردنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە لە سەرانسەری هەرێمەکە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری نێونەتەوەیی. ئێران و گروپە چەکدارە بەکرێ گیراوەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەکارهێناوە لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا، هاوبەشەکانمان و کەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان."


میوانی بەرنامە:
ئارام مودەڕیسی، بەرپرسی سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.

تاران لە هەوڵێکی بێوچاندایە تا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دڵنیا بکاتەوە لەوەی بەرنامە ناوکییەکەی بەرنامەیەکی ئاشتیانەیە و جێی مەترسی نییە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی و سەقامگیری جیهان، بەڵام ناخوازێت هیچ باس و خواسێک لەسەر بەرنامەی موشەکی و درۆنەکانیشی بکرێت.

هەرچۆنێک بێت، ئێستا جیهان وەک دەگوترێت لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەدایە بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتێکدا ئاماژە لە ئارادان بۆ ئەگەری گۆڕانکاری لە ژیۆپۆڵەتیکی ئەو ناوچە پڕ لە گێرمە و کێشەیەی جیهاندا. ئەم گۆڕانکارییە تەنها ئەگەرە و باس دەکرێت، بەڵام بەڵگەیەکی کۆنکریتی بۆ ئەو گۆڕانکارییە لە ئارادا نییە.

ئەمەریکا وەک گەورە کاربەدەستان دەڵێن، لە سیاسەتەکانیانیدا بەرامبەر بە ئێران، هەموو بژاردەکان کراوەن؛ ئیسرائیل، هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی ئەمەریکا دەڵێت، ڕژێمی ئێران هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە، هاوپەیمانە عەرەبەکانی ئەمەریکاش دەخوازن هەموو ڕێوشوێنێک بگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانیان لەسەر ڕەفتارەکانی ئێران.

لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی، کۆماری ئیسلامی ئێران، هێشتا لە پەراوێزدایە و نەیتوانیوە وەک دەوڵەتێک بە سەنگییەوە بگەڕێتەوە سەر شانۆی نێونەتەوەیی.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی وڵاتەکەش، قەیرانی گەورەی ئابوری و دارایی و تەندروستی و قەیرانی بێ متمانەیی خەڵک بە دەسەڵات و قەیرانی مرۆیی و چەندان قەیرانی تریش بەرۆکی ئەم کۆمارە ئیسلامییەی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە و هێشتاش ڕژێمی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە پڕۆژەیەکی گشتگیر بخاتە بەردەست بۆ چارەسەرکردن، تەنانەت ئەگەر کاتییش بێت.

ئارام مودەڕیسی، بەرپرسی سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:33:16 0:00

XS
SM
MD
LG