Accessibility links

دکتۆر هەردی مەهدی: ئێران ژینگەیەکی سیاسی ئارامی لە عێراقدا دەوێت 


پاش دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، وا چاوەڕوان دەکرێت لایەنە سیاسییەکان هەوڵ بدەن هاوپەیمانێتی سازبکەن و کوتلەیەکی گەورە لە نێو پەرلەماندا دروست بکەن و حکومەتی ئایندەی عێراق پێکبهێنن. حکومەتێک هاوتەریب بێت لەگەڵ خواستی زۆرێک لە عێراقییەکان کە دەخوازن حکومەتێکیان هەبێت دوور لە دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە. بەڵام دیمەنە سیاسییەکانی عێراق هەمیشە هەژموونی وڵاتانی وەک ئێران و ئەمەریکای نادیدە نەکردووە. هەرچەندە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق خەڵک وەڵامێکی جیاوازی دایەوە. کوتلەی فەتح کە نزیکە لە ئێران و نوێنەرایەتی باڵەکانی حەشد دەکات، لە هەڵبژاردنەکەدا شکستیان هێنا و ژمارەیەک کورسی کەمیان بەدەستهێناوە.

رەنگە پرسیارە گەورەکە ئەوە بێت ئایا شکستی میلیشیا عێراقییەکانی نزیک لە ئێران بەواتای ئەوە دێت کە ئێران لە عێراقدا رۆڵی لاواز دەبێت؟ رۆڵی ئەمەریکا چی بەسەر دێت ؟ لە کاتێکدا کوتلەیەکی وەکو سەدرییەکان کە بەردەوام وا دەرکەوتووە کە دژ بە ئەمەریکایە ، یەکەم لیستی براوەی هەڵبژاردنەکەیە. لەم هەڵبژاردنەدا زۆربەی چاودێران هاوڕان لەسەرئەوەی وڵاتانی کەنداویش دەخوازن رۆڵی زیاتریان هەبێت لە عێراقی ئایندەدا.

دکتۆر هەردی مەهدی کە تێزی دکتۆراکەی لەسەر مێژووی ئێرانە، پێیوایە ئێران جگە لە پرسی مەزهەبگەرایی، سنورێکی دوورو درێژیشی هەیە لەگەڵ عێراقدا هەیە کە بەدرێژایی مێژوو رۆڵی ئێران لە عێراق نادیدەنەکراوە. لە ئێستاش دا ئێڕان هەرچییەکی بوێت لە عێراق دەتوانێت بیکات، هاوکات دەڵێت زەحمەتە حکومەتێک پێکبهێنرێت ئەمەریکا و ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ دانەگیرساندبێت. لەو بارەیەشەوە هەردی دەڵێت "ئێران دووجۆر هێزی لە عێراقدا هەبووە، نەرمەهێز و هێزی سەربازی کە لە گروپەکانی حەشدی شەعبی دا خۆیان دەبیننەوە، کە ئەو هێزانە راستەوخۆ سەر بە هێزەکانی پاسدارانی ئێرانن و ئەرکیان پاراستنی ویلایەتی فەقهیە، پێموانییە تەنها ئەو هێزانە کە ناونراون پڕۆ ئێرانی، ئەمانی دیکە غەیرە ئێرانی بن، جۆرێک لەپەیوەندیان هەیە، تەنانەت ئەگەر بە دژە ئێرانیش ناسرابن بە کوردەکانیشەوە، هەموویان دەست نەرمکردنیان هەیە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێران و هەژمونی ئێران لە عێراقدا، بەردەوام لە دیمەنەکانی عێراقدا دوو جۆر پەیوەندی دەردەکەون کە یەک ئامانجیان بۆ ئێران هەبووە ، لەرابردووشدا هەر وابووە هەر حکومەتێک لە عێراق دامەزرابێت ئەو دوو وڵاتە کاریگەری گەورەیان بەسەر دروست بونییەوە هەبووە."

وەک دکتۆر هەردی مەهدی باسی دەکات؛ ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە ژینگەی عێراق ژینگەیەکی ئارام بێت و دوور بێت لەهەر ئاڵۆزییەک، تاوەکو بتوانيت لە ڕووی بازرگانی و خۆی رزگار بکات لە کاریگەرییەکانی گەمارۆی ئابوری ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی. لەبەرئەوە بێدەنگە لەو نارەزایەتیانەی ئەو لایەنە دۆڕاوانەی کە قسە لەسەر ئەوە دەکەن کە ساختەکاری لە دەنگەکانی ئەواندا کرابێت. لەو بارەیەوە هەردی دەڵێت "یەکێک لە داواکارییەکانی ئەمەریکا لە ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکانی وڵاتانی 5+1 و گفتوگۆ ئەتۆمییەکەی ئێران ئەوەیە کە رەفتاری خۆی لە وڵاتە عەرەبییەکاندا کە یەکێکیان عێراقە چاک بکات. خاڵیکی تر ئەوەیە زۆربەی گەمارۆکانی کە لەسەر ئێرانە لە لایەن وڵاتانەوە، لە عێراق دەشکێنرێت، لە سپیکردنەوەی پارەوە، تاوەکو ئەو بەرهەمانەی کە هی ئێرانن و بەناوی عێراقەوە دێن، دەنا ئێران دەتوانيت هەرچییەکی بوێت لە عێراقدا بیکات، تەنانەت لە گۆڕینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تاوەکو دانانی حکومەتی ئایندە، بەڵام ئاگرێک دەوروژێنێت، هەڵگیرسانی بەدەستی خۆیەتی، وەلێ کوژاندنەوەی لەدەستی خۆیدا نامێنێت".

لە وتوێژەکەی بەرنامەی روانگە باسی زۆر وردەکاری تر کراوە لە سیاسەتی سەدرییەکان و پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئێران دا، هەروەها رۆڵی وڵاتانی کەنداو لە عێراق دا، ئایا فراوانتر دەبێت یان هەروەکو رابردوو لە لایەن کۆمەڵیک سیاسی تەقلیدی سونەکانەوە دوور بەدوور دەبێت؟ ئایا هەڵبەز و دابەزی سیاسەتەکانی موقتەدا سەدر لەم دۆخە تازەیەی عێراقدا کە لیستەکەی براوەی یەکەمە ئایا چاوەروانی ئەوە دەکرێت سەدر پلەی مەرجەعییەت لە قومەوە بگوازێتەوە بۆ عێراق و دژایەتی ئێران بکات؟

هەردی مەهدی ئەوە نادیدە ناکات کە هێشتا ئێران ئەوەندەی لەبەغدا زاڵە، ئەوەندە لە یەمەن و تەنانەت سوریاش زاڵ نییە، سەبارەت بە رۆڵی ئێران لە رابردوو ئێستاشدا دەڵێت "حکومەتەکانی پێشووش بە کازمیشەوە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئێرانیان لە عێراقدا پاراستووە، هەر حکومەتێکی عێراقی دەبێت گڵۆپی سەوزی لە ئێران و ئەمەریکاوە بۆ هەڵکرابێت."

سەبارەت بەوەی کە ئێران بۆچی نەرمی دەنوێنێت لە مەڕ ئەو دەنگۆیانەی کە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دژ بە دۆستە نزیکەکانی کراوە، لەو بارەیەوە هەردی دەڵێت "ئێران لە سنورەکانی خۆرئاوای تارانەوە گرفتی هەیە. گرفتی داعشی خۆراسانی لە سنورەکانی لەگەڵ ئەفغانستان بۆ دروستبووە، هەروەها گرفتەکانی لەگەڵ ئازەربەیجان و شکستهێنانی لە یەمەن، هەموو ئەمانە وایکردووە زیاتر دەست بە هەژمونەکانییەوە بگرێت لە عێراقدا".

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:43 0:00


XS
SM
MD
LG