Accessibility links

شادومان مەلا حەسەن: خۆمان بە یەکێتی دەزانین، یەکێتی هی کۆمەڵانی خەڵکە نەک چەند کەسێک


لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی و 4 ئەندامی سەرکردایەتی بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە دوورخرانەوە، یەکێک لە سەرکردە دوورخراوەکان کە نزیکە لە لاهور شێخ جەنگیەوە، دەڵێت "ئێستاش خۆمان بە یەکێتی دەزانین."

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شادومان مەلا حەسەن ئەندامی دوورخراوەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت "ئێمە بە رەد فیعل کارناکەین، خۆمان بە خاوەنی یەکێتی دەزانین، یەکێتی هی کۆمەڵانی خەڵک و کەس و کاری شەهیدانە، مام جەلالیش قەت نەیوتووە، یەکێتی هی منە، وتویەتی، هی کۆمەڵانی خەڵکە."

وتیشی"ئێمە یەکێتین و بەردەوام دەبین لە یەکێتی بوون، چونکە یەکێتی هی کۆمەڵانی خەڵکە."

لەبارەی دوورخستنەوەیان لەسەرکردایەتی یەکێتی، شادومان مەلا حەسەن وتی "دەرکردن لە دەسەڵاتی کۆنگرە و پلینیۆمە، بیانوویان ئەوەیە بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردنمان نەکردووە، لە کاتێکدا ئاڵا تاڵەبانی خۆی کاندیدبووە، بافڵ تاڵەبانی و جەماعەتی کەرکوک ئیشیان بۆ کاندیدێکی دەرەوەی هاوپەیمانی کردووە."

جەختیشیکردەوە "لیژنەیان داناوە بۆ دەرکردنی بڕیار لەدژمان، بەڵام لیژنە یەک پرسیاری لە من نەکردووە، ئینجا من لەوان زیاتر ئیشم بۆ لیستی هاوپەیمانی کردووە."

شادومان مەلا حەسەن ڕەخنەی لە بێدەنگی سەرکردایەتی یەکێتی گرت و ڕوونیکردەوە بێدەنگی سەرکردایەتی یەکێتی خراپە، ئەوە کەی سەرکردایەتیە، بێ گیان و بێ دونیابینی بێت، وتی"ئەوان خۆیان خۆیان نین، دەستەمۆن، هەندێکیان بەتەمەنن و لە چەند کۆنگرەیەکدا دەڵێن، کێ پارەمان بداتێ لەگەڵین، کۆمەڵێکیشیان فایلدارن، تەبیعیە قەبوڵی دەکەن."

لەبارەی ژەهر خواردکردنی هەندێک لەبەرپرسانی یەکێتی، شادومان مەلا حەسەن وتی "من شارەزای بواری ژەهر نیم، نازانم، بەڵام ئەم بەرپرسانە هەرچی بڵێن، من بەسیناریۆی دەزانم، گەر ژەهرخوارد کراون، لەکوێ کراون؟ بۆچی مەبەستێک ژەهرخوارد کراون؟، خۆ ئەوان پێگەیان نەماوە تا ژەهر خوارد بکرێن."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شادومان مەلا حەسەن جەختیکردەوە هەوڵی بچوککردنەوەی یەکێتی دەدرێت لەپێناو بەرژەوەندی چەند کەسێک.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:04:15 0:00


XS
SM
MD
LG