Accessibility links

تاران نکوڵی لە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات


کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی تریش جەخت دەکاتەوە لەوەی بەرنامە ناوکییەکەی بەرنامەیەکی ئاشتیانەیە.

ئەم ڕاگەیاندنەی ئەمڕۆ دووشەممەی تاران، پاش 2 ڕۆژە لەو نیگەرانییە زۆرانەی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا لە پەراوێزی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی وڵاتانی کۆمەڵەی 20دا دەریانبڕی لەسەر ئەو بەرنامە ناوکییەی ئێران.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تاران بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندووە "هەڵوێستەکانی ڕۆژئاوا پێچەوانەی ڕاستییەکانن و بەرەنجامێکی بونیاتنەریش بە دوای خۆیاندا ناهێنن."

ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی ڕۆژی شەممەی ڕۆژئاوا، پاش کۆبوونەوەکەیان بووە لە ڕۆما و هەروەها دوابەدوای پێشنیازەکەی ئێران بووە بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکان بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015.

ئەم وتووێژانەی نێوان ئێران و شەش زلهێزەکەی جیهان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکی درێژخایەنە بۆ ئەو قەیرانەی پەیوەندیدارە بە بەرنامە ناوکییەکەی تارانەوە کە لەوەتای مانگی 5ی ساڵی 2018وە سەریهەڵداوە، کاتێک دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بڕیاری کشانەوەیدا لەو ڕێککەوتنە و سزای فرەلایەنیشی سەپاند بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

ئێران 6 خولی وتووێژی ناڕاستەوخۆی لە ڤییەننا کردووە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک جۆو بایدندا لەسەر گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی 2015؛ بەڵام وتووێژەکان لە مانگی 6دا ڕاگیران هاوکاتی هاتنە سەر دەسەڵاتی حکومەتێکی زۆر کۆنەپارێز لە ئێراندا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی شەممەدا، ڕۆژئاوا سووربوونی خۆی دەربڕیوە بۆ دڵنیابوون لەوەی "ئێران هەرگیز نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی یان پەرەیان پێبدات."

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "بە پێچەوانەی ئەو ڕاگەیەندراوەوە، بەرهەمهێنانی کانزای یۆرانیۆم و پیتاندنی یۆرانیۆمیش وەک پێشتریش جەختی لێکراوەتەوە بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە و هەروەهاش بۆ بەکارهێنانی سیڤیلییە لەوانە، بۆ بواری تەندروستی و بەکارهێنانیشی وەک سوتەمەنی لە ڕیاکتەری تایبەت بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە تاران."

XS
SM
MD
LG