Accessibility links

ئەردۆغان نیگەرانە لە بەریتانیاییەکان و ناچێتە گلاسکۆ


سەرۆکی تورکیا پلانی بەشداریکردنی کۆنفرانسی گلاسکۆ هەڵدەوەشێنێتەوە و لە ڕۆماوە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی پاش کۆبوونەوە لوتکەییەکەی وڵاتانی کۆمەڵەی 20.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دەڵێت لەبەر "هۆکاری ئاسایشی" بەشداری لەو کۆبوونەوەیەی یو ئێندا ناکات لە گلاسکۆ.

لەناو فڕۆکەکەیدا لە ڕێی گەڕانەوەیدا ئاماژەی بەوە کردووە "ناچین بۆ کۆبوونەوەکەی گلاسکۆ چونکە داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکراون و ئەمەش هەر پەیوەندی بە ئاسایشمانەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە ناوبانگی وڵاتەکەشمانەوە هەیە."

لەو لێدوانەیدا کە کەناڵی ئێن تی ڤی بڵاویکردۆتەوە ئەردۆغان دەڵێت "ئێمە پێوانەی خۆمانمان هەیە بۆ ڕێوشوێنی ئاسایشی، لە دوا ساتدا پێیان ڕاگەیاندین کە ناتوانن ئەو ڕێوشوێنانە جێبەجێبکرێن."

پێشتر، نە ئاژانسی فەرمی ئەناتۆڵیا و نە میدیاکانی تری تورکیا باسیان لەوە نەکردووە، بۆچی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاری بەشدارینەکردنی کۆنفرانسەکەی گلاسکۆی داوە؛ بەڵام کەناڵی ئەلعەرەبیە دەڵێت ئەردۆغان وتوویەتی بۆیە بەشداری ناکات لەو کۆبوونەوە لوتکەییەی گلاسکۆدا چونکە "بەریتانیا بە دەنگ داوا ئاسایشییەکانی تورکیاوە نەچووە."

ئێستاش ژمارەیەک نێوەندی هەواڵ دەنوسن ئەردۆغان نەچووەتە گلاسکۆ بەهۆی ئەو کۆتوبەندانەی دانراون لەسەر قەبارەی شاندی تورکیا و هەروەهاش ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی شاندەکە.

تورکیا دواترین وڵات بووە بۆ پەسەندکردنی پەیماننامەی پاریس کە تایبەتە بە ژینگە و گۆڕانی کەشوهەواوە.

لەمساڵدا پەرلەمانی تورکیا، ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریسی پەسەند کرد و ئەردۆغانیش لەم دوو ساڵەی بەر لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیادا، بەردەوام جەخت لە نیگەرانییەکانی خۆی دەکاتەوە سەبارەت بە دۆسێ ژینگەییەکان.

ئەم بڕیارەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، دوابەدوای کۆبوونەوە قورسەکەی ڕۆژی یەکشەممەی بوو لەگەڵ سەرۆک جۆو بایدندا.

هەردوو ڕێبەر، هاوڕا بوون لەسەر تێپەڕاندنی ژمارەیەک دۆسێ، لەوانە کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕوسیایی و هەروەهاش نیگەرانییەکانی لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ هەن لە تورکیای ئەردۆغاندا.

ئەردۆغان لە ڕۆما ژمارەیەک کۆبوونەوەی داخراویشی کردووە لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و هەروەهاش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسادا.

XS
SM
MD
LG