Accessibility links

هاوڵاتیانی هەڵەبجە پەرلەمان و نوسینگەی داواکاری گشتی بە لاواز دەبینن و سەردانیشیان ناکەن


بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوی هەڵوێست کە ڕێکخراوێکی کومەڵگەی سیڤیلی هەڵەبجەیە، ڕێژەیەکی کەم لە هاوڵاتیان بۆ گەیاندنی کێشە و داوکاریەکانیان ڕوویان لە فەرمانگەی داواکاری گشتی هەڵەبجە و نوسینگەی هەڵەبجەی پەرلەمان کردوە، بۆ گەیاندنی داواکاریەکانیان و ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت هەردوو دامەزراوەکە لاوازن و پەرلەمان تا ئێستا نەیتوانیوە متمانە لە وەزیرێک وەریگرێتەوە.


بەپێی ئەم بەدواداچوونانەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سیڤیلی لە پارێزگای هەڵەبجە، لەم ساڵەدا کەمترین هاوڵاتی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان سەردانی نوسینگەی هەڵەبجەی پەرلەمانی کوردستانیان کردوە و تەنها 11 هاوڵاتیش سەردانی فەرمانگەی داواکاری گشتی هەڵەبجەیان کردوە، لە کاتێکدا ئەم فەرمانگەیەیان لەڕووی کارگێڕیەوە زۆربەی کارەکانی وابەستەی هاوڵاتیانە.

جەوهەر عەزیز، ئەندامی ڕێکخراوی هەڵوێست لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" دانیشتنێکمان ڕێکخست بە بەشداری بەرپرسانی هەردوو دامەزراوەکە، ئەو داتایانەی خستیانە ڕوو جێگەی تێڕامانن، چونکە ڕێژەیەکی کەمی هاوڵاتییان سەردانی هەردوو دامەزراوەکەی کردوە."

سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی و هاوکات ئەندامی لقی هەڵەبجەی نوسینگەی پەرلەمانیشە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" خەڵک مافی خۆیەتی نیگەران بێت لە هەردوو دامەزراوەکە لەبەرئەوەی هەردوو دامەزراوەکە لاوازن، پەرلەمانی کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە وەزیرێک ناچار بەدەست لەکارکێشانەوە بکات، حکومەتیش زیاتر حکومەتێکی حیزبیە".

شاخەوان ڕەئوف، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان و سەرۆکی نوسینگەی هەڵەبجەی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" ئەرکی ئێمە بەدواداچوونە و باوڕناکەم هیچ لایەنێک کەمتەرخەمی کردبێت بڕیارمان داوە لە پەرلەمان خزمەتی خەڵک بکەین، چاودێری وردی دامەزراوەکانی حکومەتیشمان کردوە."

دەنگی ئەمریکا پەیوەندی کرد بە کاربەدەستانی فەرمانگەی گشتی داواکاری گشتی هەڵەبجەوە بەڵام ئامادەنەبوون لێدوانی ڕۆژنامەوانی تۆمارکراو بدەن لەسەر پرسەکە.

پارێزگای هەڵەبجە کە سنوری جوگرافیەکەی قەزایەک و چوار ناحیەیە، دانیشتوانەکەیشی بریتییە لە زیاتر لە 120 هەزار هاوڵاتی، تا ئێستاش ئەنجومەنی پارێزگای نییە، ئەمەش وایکردوە، ڕۆژانە چەندین گرفت و کێشەدروست ببن.

ڕێکخراوی هەڵوێست پێشنیاز دەکات بۆ ڕێکخراوە یاساییەکان لە ڕێگەی سیمیناری هوشیاریەوە هاوڵاتیان لە گرنگی کارەکانی ئەو دوو دامەزراوە هوشیار بکرێنەوە.

زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:01 0:00


XS
SM
MD
LG