Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئەردۆغان و سیاسەتی بەگژداچوونەوە و پەشیمان بوونەوە


سەرۆکی تورکیا پەشیمان بووەوە لەو هەڕەشانەی دەیکردن بۆ دەرکردنی 10 باڵیۆزی وڵاتانی ڕۆژئاوا.

ئەو هەڕەشانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەهۆی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی ئەو 10 باڵیۆزە بوو کە تیایدا پشتیوانییان لە عوسمان کاڤالا، ڕێبەری سیڤیلی زیندانیکراو دەکرد.

پەشیمان بوونەوەی ئەردۆغان دوابەدوای ڕاگەیەندراوەکانی ئەمەریکا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، هۆڵەندا، کەنەدا، دانیمارک، نەرویژ، سوید، فینلاند و نیوزیلاند بوو لەسەر ئەو هەڕەشانەی دەیکردن.

ئەم قەیرانە زیاتر وەهای کرد پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوادا بە گشتی و ئەو 10 وڵاتەدا بکەوێتە ڕەوشێکی نادیار و ناجێگیرەوە.
ئەم ڕەوشە نادیار و ناجێگیرەش لە بەرزترین ئاستیدایە لەم 19 ساڵەی ڕابردووی فەرمانڕەوایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا.


کاڤالا، کاردار و ڕێبەری سیڤیلی تورکیا لەلایەن حکومەتەکەی ئەردۆغانەوە بە ناسەقامگیرکردنی تورکیا گوناهبار کراوە.

عوسمان کاڤالا، تەمەن 64 ساڵ لە مانگی 10 ساڵی 2017وە لە زیندانە و لە سەرەتادا بە هاندان گوناهبارکرابوو بۆ خۆپیشاندانی دژە حکومەت لە ساڵی 2013دا.

نرخی لیرە، دراوی فەرمی تورکیا، بە ئاستێکی پێوانەیی مێژوویی دابەزیوە و ئەم دابەزینەش بەر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیایە و دەشێت ئەم داڕمانەی دراوی تورکیاش چارەنوسسازبێت بۆ پێگەی ئابوری و دیپلۆماسی تورکیا لە چەند مانگی داهاتوو و یان بۆ چەند ساڵی داهاتووی ئەو وڵاتە، وەک شیکەرەوە باسی دەکەن.


میوانی بەرنامە:

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری سیاسی تورکیا

لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەی حکومەتدا، بڕیارەکەی ڕۆژی شەممەی سەرۆکی تورکیا تاووتوێ کرا، کە نوێنەرە ڕۆژئاواییەکانی بە "کەسانی نەخوازراو" ناودێر کرد.

دەرکردنی دیپلۆماتانی 10 وڵاتی ڕۆژئاوا بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە فرمانی بۆ دەرچووبوو، بەڵام هیچ یەکێک لە پایتەختەکانی ئەو 10 وڵاتەی ڕۆژئاوا باسیان لەوە نەکردووە فرمانێکی لەو شێوەیەیان بەدەست گەیشتبێت.

هەندێک لە شیکەرەوە دەڵێن، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ژمارەیەکی کەمی تری ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، لە هەوڵی قەناعەت پێکردنی ئەردۆغاندا بوون تا جارێکی تر پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات و ئەو بڕیارەی خۆی بگۆڕێت.

ئەم پشێوی و ئاڵۆزیەی پەیوەندییەکان، وەک شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن، لەوانە نییە هیچ ئەگەرێک بۆ ئازادکردنی کاڤالا زیاد بکات، چونکە ئەگەر ئاوەها هەنگاوێک بنرێت، ئەوا وەک دانپێدانانێکی سەرۆکی تورکیا و حکومەتەکەی لێکدەدرێتەوە بەوەی ئەردۆغان لاوازە.

لەم کاتەشدا لیرەی تورکیا کە پێوانەیەکە بۆ متمانەی وەبەرهێنەران و سەقامگیری سیاسی، نرخی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو لەدەستداوە لە نێوەندی ئەو ترس و نیگەرانیانەی لە ئارادان سەبارەت بە نەمانی پەیوەندییەکانی ئانکەرە لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەکییەکان و گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانیدا.

زۆر جار لەم پشێوی و ئاڵۆزیانەی پەیوەندییەکانی ئانکەرە لەگەڵ وڵاتانی تردا، دۆسێی ئابوری بۆتە قوربانی، لە ئێستاشدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی یەکەمی فەرمانڕەوایەتی ئەردۆغاندا، وەبەرهێنانی بیانی لە تورکیادا لە ئەوپەڕی نزمیدایە.

چاودێر دەڵێن سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەوەییە هەڵەکانی سەرۆکی تورکیا، وەها دەکەن حکومەتەکەی پارتی داد و گەشەپێدان بەرەو هەڵدێر بەرن و لە هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکەدا نەک هەر وەک فەرمانڕەوای تورکیا نەمێنێت بەڵکو پاشەکشەیەکی ئەوەندە قورسیشی پێبکات کە زۆر ئەستەم بێت لە دەیان ساڵی داهاتوودا بتوانێت خۆی هەڵسێنێتەوە.

ئایا سیاسەتی بەگژداچوونەوە و پەشیمان بوونەوەی سەرۆکی تورکیا چەندێک بە زیان دەبینرێت بۆ ئایندەی تورکیا؟

ئایا دەکرێت بەکارهێنانی کارتی کۆچبەران لە بەرامبەر ئەوروپادا وەها لێکبدرێتەوە کە تورکیا ناخوازێت قەیرانی سوریا بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێت یان سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێتە ئاراوە؟

ئایا دژایەتییەکانی تورکیا بەرامبەر ڕۆژئاوا، چەندێک ئانکەرە دەکاتە جێی متمانەی مۆسکۆ؟

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری سیاسی تورکیا، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:31 0:00
XS
SM
MD
LG