Accessibility links

قوڵترین قەیرانی تا ئێستای نێوان ئەردۆغان و وڵاتانی ڕۆژئاوا


پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا بەرەو قوڵترین قەیران دەڕوات لە سەروەختی فەرمانڕەوایەتی 19 ساڵەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا، هاوکاتی چاوەڕوانییەکانی جیهان بۆ دەرکردنی باڵیۆزەکانی ئەمەریکا و 9 وڵاتی تر لە ئانکەرە.

نرخی لیرە، دراوی فەرمی تورکیا، بە ئاستێکی پێوانەیی مێژوویی دابەزیوە و ئەم دابەزینەش بەر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیایە و دەشێت ئەم داڕمانەی دراوی تورکیاش چارەنوسسازبێت بۆ پێگەی ئابوری و دیپلۆماسی تورکیا لە چەند مانگی داهاتوو و یان بۆ چەند ساڵی داهاتووی ئەو وڵاتە، وەک شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن.

لە کۆبوونەوەی حکومەتدا، بڕیارەکەی ڕۆژی شەممەی سەرۆکی تورکیا تاووتوێ دەکرێت کە نوێنەرە ڕۆژئاواییەکانی بە "کەسانی نەخوازراو" ناودێر کردووە بەهۆی ئەو ڕاگەیاندنە هاوبەشەی بڵاویان کردەوە و تیایدا پشتیوانی خۆیان دەربڕی بۆ عوسمان کاڤالا، ڕێبەری زیندانیکراوی کۆمەڵگەی سیڤیل لە تورکیا.

فرمانی دەرکردنی دیپلۆماتانی 10 وڵاتی ڕۆژئاوا بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە دەرچووە، بەڵام تا زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممە هیچ یەکێک لە پایتەختەکانی ئەو 10 وڵاتەی ڕۆژئاوا باسیان لەوە نەکردووە فرمانێکی لەو شێوەیەیان بەدەست گەیشتبێت.

هەندێک لە شیکەرەوە دەڵێن، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ژمارەیەکی کەمی تری ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، هێشتاش لە هەوڵی قەناعەت پێکردنی ئەردۆغاندان تا جارێکی تر پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات و ئەو بڕیارەی خۆی بگۆڕێت.

لەم کاتەشدا لیرەی تورکیا کە پێوانەیەکە بۆ متمانەی وەبەرهێنەران و سەقامگیریی سیاسی، زیاتر لە سەدا یەکی نرخەکەی خۆی لەدەستداوە لە نێوەندی ئەو ترس و نیگەرانیانەی لە ئارادان سەبارەت بە نەمانی پەیوەندییەکانی ئانکەرە لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەکییەکان و گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانیدا.

ئیمری بیکەر، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ئۆراسیا لە ئەوروپا دەڵێت "ئەو وڵاتانەی باڵیۆزەکانیان دەردەکرێن لە ئانکەرە، بە هەمان شێوە تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە و لەوانەشە بە ڕێگەیەکی ڕێکخراو تریش ئەو تۆڵەیەیان بکەنەوە."

بیکەر دەشڵێت " دوای ئەم ناکۆکییە، گێڕانەوەی پەیوەندییە ئاست بەرزە دیپلۆماسییەکان، کێشەیەکی قورس دەبن."

XS
SM
MD
LG