Accessibility links

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەدان تانە ڕەتدەکاتەوە


کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایدەگەیەنێت 461 تانەی لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق ڕەتدەکاتەوە لە سەرجەم ئەو 483 تانەیەی کاندیدەکانی هەڵبژاردن گەیاندویانەتە دەست کۆمیسیۆن.

کۆمیسیۆن، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاماژەیشی بەوە کردووە کە بەردەوامە لە هەڵسەنگاندنی تانەکان و لەلایەن بەشی بەرپرسیارەوە ئەو تانانە تاووتوێ کراون و دەشڵێت "پاش تەواوکردنی لێکۆڵینەوەی پێویست لەسەر بنچینەی بەڵگەکان و ڕێنوماییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، بڕیاری ڕەتکردنەوەی 461 تانە دراوە لەبەر هۆکاری جیا جیا، لەوانە، نەبوونی بەڵگە لە تانەکەدا، یان نەبوونی سەرپێچی بەندەکانی خاڵی 35ی یاسای هەڵبژاردنی عێراق و ئەوانەش کە تانەکانیان خستۆتە بەردەم کۆمیسیۆن، بە هیچ شێوەیەک ئاماژەیان نەکردووە بە ناوی ئەو بنکەیە یان ئەو نێوەندەی دەنگی لێدراوە و داواکراوە دەنگەکانی بازنەی دەنگدان بژمێردرێنەوە بۆ بەراورد کردن.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەشڵێت تانەکان و بڕیارەکانیش دەنێردرێن بۆ ئەنجومەنی دادوەریی هەڵبژاردن بۆ جێگیرکردنیان بەپێی یاسا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی کۆمیسیۆن، بڕیاریش دراوە بە دەست بژاردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق بکرێتەوە لە 297 بنکەی دەنگداندا لە پارێزگاکانی دیالە و نەینەوا و میسان و کەربەلا و کەرکوک و زیقاڕ و ئەنبار و قادسیە و سەڵاحەدین و موسەنا بەسرە و بابل و بەغدا، چونکە ئەو تانانەی لەو بنکانە دراون بەڵگەیان لەگەڵە.

کۆمیسیۆن جەخت دەکاتەوە لە نکوڵیکردن لە ڕاپۆرتی هەندێک لە دەزگا میدیاییەکانی عێراق سەبارەت بە ئەنجامەکانی تانەکان لەو پارێزگایانەدا و دەشڵێت "کۆمیسیۆن پاش تەواو بوونی ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست، خۆی ئەنجامەکان ڕادەگەیەنێت."
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە تەواوی ژماردنەوەی دەنگەکان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کاندیدەکان دەکرێت و تەواوی ئەم پرۆسەیەش لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.

XS
SM
MD
LG