Accessibility links

هاوسەری نازەنین زاغری مان لە خواردن دەگرێت


ڕیچارد ڕاتکلیف و گابرێلای تەمەن حەوت ساڵ، داوای ئازادکردنی نازەنین زاغری دەکەن
ڕیچارد ڕاتکلیف و گابرێلای تەمەن حەوت ساڵ، داوای ئازادکردنی نازەنین زاغری دەکەن

هاوسەری نازەنین زاغری، دەستی بە مانگرتن کردووە پاش بڕیاری دادگایەکی ئێران تا نازەنین یەک ساڵی تر لە زینداندا بمێنێتەوە.

نازەنین زاغری، بۆ زیاتر لە 5 ساڵە لە ئێران زیندان کراوە و ڕیچارد ڕاتکلیف هاوسەری نازەنین لەمڕۆ یەکشەممەوە دەستیکردووە بە مانگرتن لە خۆراک لەبەردەم ئۆفیسی کاروباری دەرەوەیی حکومەتی بەریتانیادا لەناوجەرگەی لەندەندا.

هەوڵی ڕیچارد لەم مانگرتنەیدا، فشار خستنە سەر بۆریس جۆنسن، سەرەک وەزیری بەریتانیایە تا هاوسەرەکەی و هەروەهاش هاوڵاتییە بەریتانیاییەکانی بە ڕەگەز ئێرانین لە زیندانەکانی ئێران ئازاد بکرێن.

خانم زاغری، لە مانگی 4ی ساڵی 2016دا لە فڕۆکەخانەی تاران دەستگیر دەکرێت و بە پیلانگێڕان بۆ ڕوخاندنی حکومەتی ئێران گوناهبار کرا.

ئەم گوناهبارکردنەش لەلایەن خۆیی و لایەنگرانی و هەروەهاش لەلایەن ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن، نکوڵی لێدەکرێت.

لە مانگی 5دا خانم زاغری بە ساڵێکی تری زیندانیکردن سزا درایەوە بە تاوانی وەک دادگای ئێران دەڵێت "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژ بە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران" و هەروەهاش بەشداریکردن لە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی دەربڕیندا لە ساڵی 2009دا لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی ئێراندا لە لەندەن.

ئەم بڕیاری سزای یەک ساڵ زیندانیکردنە، لەم مانگەدا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئێران، وەک خۆی هێڵدرایەوە.

بێ لەو یەک ساڵی زیندانیکردنە، نازەنین زاغری ناشتوانێت تا ساڵی 2023 لە ئێران بچێتە دەرەوە.

ڕیچارد ڕاتکلیف، دوو ساڵ لەمەوبەر، بۆ ماوەی 15 ڕۆژ لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێراندا لە لەندەن، مانیگرت. ئەو مانگرتنەیان بووە مایەی ئازادکردنی "گابرێلا"ی کچیان.

ڕیچارد دەڵێت "لە ئێستادا هەمان شێوە ڕەفتار لەگەڵ حکومەتی بەریتانیادا دەکەم و هەرچەندە لە ڕاستیدا هەرگیز ئەوەم بە بیردا نەهاتووە 2 جار مان لە خواردن بگرم. ئێران پێشێلکاری سەرەکییە لە دۆسێی نازەنیندا، بەڵام بەریتانیاش شکستمان پێدێنێت، چونکە روون و ئاشکرایە دەکرا چەندان مانگ لەمەوبەر ئەم دۆسێیەی نازەنین چارەسەر بکرایە بەڵام بەهۆی کارنامەی تری سیاسییەوە نەکراوە، هەر بۆیە پێویستە سەرەک وەزیر بەرپرسیارێتی خۆی هەبێت لەم دۆسێیەدا."

زۆرێک لە داکۆکیکارانی مافەکان دەڵێن، کۆماری ئیسلامی ئێران هاوڵاتیانی خاون دوو ڕەگەزنامە دەستگیر دەکات و بڕیاری زیندانیکردنیان دەدات تا وەک کارتێکی فشار لە بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژئاوا بەکاری بهێنێت.

XS
SM
MD
LG