Accessibility links

میانمار ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەتدەکاتەوە


خۆپیشاندان دژی فەرمانڕەوایەتی لەشکر لە میانمار

ئەنجومەنی لەشکریی میانمار دواترین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ڕەوشی پڕ لە قەیرانی ئەو وڵاتەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بە "هاندان بۆ توندوتیژی" ناودێر دەکات.

لەوەتای کودەتا لەشکرییەکەی مانگی 2ی ڕابردووەوە، میانمار لە ئاژاوە و گێرەشێوێنیدایە و زیاتر لە 1100 کەس کوژراون بەهۆی سەرکوتکردنی جودابیرانەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "ترس و نیگەرانی زیاتری هەیە لەسەر کارەساتی گەورەی مرۆیی لە میانمار."

ئەم هەڵوێستەی یو ئێن لە نێوەندی ئەو ڕاپۆرتە هەواڵیانەدایە کە هەزاران سەرباز لە باکوری وڵاتەکەدا جێگیر کراون.

تۆم ئەندرۆس، ڕاپۆرت نوسی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاگاهیداوە بە ئەنجومەنی گشتی یو ئێن و دەڵێت " ئەو کۆکردنەوەیەی هێزە سەربازییەکان، ئەو کارەساتەمان بیر دەخاتەوە کە لە سەروەختی بەر لە سەرکوتکردنی خوێناوی کەمایەتی ڕۆهینگاییەکان هەبوو لە ساڵانی 2016 و 2017دا."

ئەنجومەنی لەشکریی میانمار، ئەمڕۆ یەکشەممە، هێرشێکی توندی کردە سەر ڕاپۆرتەکەی یو ئێن و بەوەش گوناهباری کرد وەک دەڵێت "نەتەوە یەکگرتووەکان دۆسێی مافەکانی مرۆڤ وەک ئامڕازێکی سیاسی بەکاردەهێنێت بۆ دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی میانماردا."

وەزارەتی کاروباری دەرەوەیی میانمار کە ئەنجومەنی لەشکریی دایناوە، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "ئەم ڕاپۆرتەی یو ئێن، تەنها دەبێتە مایەی دابەشبوونی وڵاتەکە و هاندانی توندوتیژی ناوخۆیی."

ژەنەراڵەکانی ئەنجومەنی لەشکریی میانمار لە ژێر هەروادێ و فشاری زیاتری کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدایە تا بکەونە دانوستاندن لەگەڵ ئۆپزسیۆنەکانی وڵاتەکەدا.

نزیکەی 9 مانگ پاش دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە میانمار، ژەنەراڵەکان نەیانتوانیوە ئۆپزسیۆنەکان لەناوبەرن.

لە مانگی ڕابردوودا، ئەنجومەنی وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بڕیاریدا ڕێگەنەدات، مین ئۆن هڵەینگ، سەرکردەی ئەنجومەنی لەشکریی میانمار بەشداری لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی 10 وڵاتی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسایدا بکات بەهۆی گومانەکان لەسەر وابەستەییەکانی ئەو ژەنەراڵە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی خوێناوی میانمار.

بڕیارە ئەو کۆبوونەوە لوتکەییە لە ڕۆژانی 26 تا 28ی ئەم مانگی 10یە بخایەنێت.

XS
SM
MD
LG