Accessibility links

ئەسیوبیا کردە لەشکرییەکانی لە باکوری وڵاتەکەدا فراوانتر دەکات


لەشکری ئەسیوبیا دوو هێرشی ئاسمانی دەکات وەک کاربەدەستانی وڵاتەکە دەڵێن ئەم هێرشانە کراونەتە سەر پێگەکانی تیگرەی.

ئەمەش حەوتەمین و هەشتەمین بۆردومانکردنی هەرێمی باکوری بە شەڕ وێرانبووی ئەو وڵاتەی ئافریکایە لە ماوەی یەک هەفتەدا.

هێرشەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاماژەیەکن بەوەی لەشکری ئەسیوبیا کردە سەربازییەکانی خۆی فراوانتر دەکات لەو ناوچانەی باکوری وڵاتەکەدا.

فراوان کردنی ئەم کردە سەربازیانە بۆتە مایەی ناڕەزایی نێونەتەوەیی و هەروەهاش ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو ناوچانە کە مەترسی برسێتییان لەسەرە.

وتەبێژی حکومەتی ئەسیوبیا دەڵێت "لەو هێرشە ئاسمانیانەدا تێرۆریستانی بەرەی ڕزگاریی تیگرەی کراونەتە ئامانج و هەروەها دامەزراوێکی تریش لە شارۆچکەی ئەدوا خاپور کراوە و ئەو دامەزراوە بۆ دروستکردنی کەرەستە و کەلوپەلی لەشکریی بەکارهێنراوە."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەرەی ڕزگاری تیگرەی، هیچ زانیارییەکی لەسەر زیانەکانی ئەو هێرشە ئاسمانیانەی ئەمڕۆ یەکشەممە نەداوە، بەڵام ناڕەزایی توندی بەرامبەر ئەو هێرشانە دەربڕیوە و وەک بەڵگەیەکیش خستونیەتە ڕوو لەسەر "بێباکی حکومەتی ئەسیوبیا بەرامبەر ژیانی خەڵکی سیڤیل."

حکومەتەکەی ئابی ئەحمەد، سەرەک وەزیری ئەسیوبیا لە مانگی 11ی ڕابردووەوە لە شەڕدایە لەگەڵ بەرەی ڕزگاریی تیگرەیدا پاش ئەوەی لە مانگی 6ی ساڵی پاردا، سەرهەڵداوانی ئەم بەرەیە دەستیانگرت بەسەر بەشێکی زۆری ناوچەکانی باکوری ئەسیوبیادا و بەگشتیش لەشکری وڵاتەکە کەوتە کشانەوە.

هێرشە ئاسمانییەکانیش هاوکاتن لەگەڵ هەروادێ و بەرزبوونەوەی ئاستی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەی ئەمهەرا لە باشوری تیگرەی.

XS
SM
MD
LG