Accessibility links

جەمال کۆچەر: خەڵکی بادینان ناڕەحەتن لەگرتنی چالاکوانان، ئەمە یەکێکبوو لە هۆکارەکانی دەنگ زۆر هێنانم


جەمال کۆچەر، کاندیدی براوەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ناوچەی بادینان، کە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا بە بەدەستهێنانی ( 56702) دەنگ، زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا، ئاماژەبەوەدەکات هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازبووە لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، نەتوانراوە ئیرادەی خەڵک تەزویر بکرێت و دەنگدەریش بەهۆشیاریەوە دەنگیداوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەمال کۆچەر دەڵێت"بۆیە ئەو دەنگە زۆرەم لە بادینان هێنا، چونکە خەڵک بە هۆشیاریەوە دەنگیداوە، خەڵک حەزی لە گۆڕانکاریە و بێزاربووە لە چینی دەسەڵاتدار."

بەبڕوای جەمال کۆچەر، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینانیش کاریگەری هەبووە لەسەر بەرزی دەنگەکانی و دەڵێت "خەڵکی بادینان ناڕەحەتن بە گرتنی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسان و حەزیان لە ئازادیە."

جەمال کۆچەر، جەختدەکاتەوە لەوەی وەک دەڵێت"بێزاری خەڵکی کردبووە سێ بەش، بەشێکیان نەچوون بۆ دەنگدان، بەشێکیان دەنگەکانیان سوتاند، بەشێکیشیان دەنگیان دا بەوانەی بەشێک نەبوون لە خوڵقاندنی ئەم دۆخە خراپە."

کاندیدەکەی یەکگرتووی ئیسلامی ڕوونیکردەوە، حیزبەکەی لەو حیزبە دەگمەنانەی عێراقە کە لەم هەڵبژاردنەدا، ڕێژەی دەنگ و ژمارەی کورسیەکانیشی زیادیکردووە، وتی"حیزب هەیە کورسی زیادیکردووە، بەڵام دەنگی کەمیکردووە، هەشە کورسی کەمیکردووە و دەنگی زیادیکردووە، لەکاتێکدا یەکگرتووی ئیسلامی دەنگ و کورسیشی زیادکردووە."

لەکۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەمال کۆچەر کاندیدی براوەی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ پەرلەمانی عێراق، نەیشاردەوە ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ ئەوان مایەی دڵخۆشی بووە، وتی"ڕێگە لە ساختەکاری گیرا، حیزبەکان نەیانتوانی ئیرادەی خەڵک تەزویر بکەن، لامان سەیربوو، ئینجا دروشم باوی نەما و خەڵک بەهۆشیاریەوە دەنگیدا."

زانیاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:05 0:00
XS
SM
MD
LG