Accessibility links

هەلەو واشنتن: پۆستی سه‌رۆک کۆمار و پارێزگاری که‌رکوک له‌نێوان یه‌کێتی و پارتیدا


دوا ئاکامی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێڕاق گۆڕانکارییه‌کی وه‌های له‌ گۆڕینی ژماره‌ی کورسییه‌کاندا نه‌هێنایه‌ کایه‌وه‌، ململانێ و مانۆره‌ سیاسییه‌کان له‌ نێوان لایه‌نه‌ براوه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێڕاق ده‌ستی پێ کردووه‌، ئه‌وه‌تا لیستی ده‌وڵه‌تی یاساو هاو ئاوازه‌کانی رایده‌گه‌یه‌نێت که‌ به‌نیازن کوتله‌یه‌ک له‌ په‌رله‌مان پێک بهێنن، ژماره‌ی کورسییه‌کانی بگه‌یه‌ننه‌ زیاتر له‌ ١٠٠ کورسی له‌ کۆی ٣٢٩ کورسی په‌رله‌مان.

له‌نێو کوردیشدا لایه‌نی براوه‌ که‌ پارتی دیموکراته‌ ده‌ستی کردووه‌ به‌ سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ براوه‌کان، بۆ دابه‌زاندنی تای هه‌ڵبژاردنه‌که‌و کاریگه‌ری بانگه‌شه‌کان و له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ له‌پناو کۆکردنه‌وه‌ی هاوده‌نگییه‌کی کوردی و کۆبوونه‌وه‌ی کورد له‌به‌غدا له‌ژێر یه‌ک سه‌یواندا. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ هه‌ندێک به‌رپرسی پارتی دیموکرات له‌ میدیاکانه‌وه‌ رایان گه‌یاندووه‌ که‌ خواستیانه‌ ئه‌مجاره‌ پارێزگاری که‌رکوک له‌وان بێت، له‌هه‌مبه‌ر پۆستی سه‌رۆک کۆماریش وه‌ک له‌م مێزگرده‌ی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشتندا هه‌ردوو میوانه‌که‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ پارتی به‌ چه‌ند مه‌رجێک پۆستی سه‌رۆک کۆمار ده‌داته‌وه‌ به‌یه‌کێتی، دیارترینیان ده‌بێت به‌ربژاره‌که‌ی یه‌کێتی خواستی پارتیشی له‌سه‌ر بێت.

هه‌ردوو میوانه‌که‌ی هه‌له‌و واشنتن راڤه‌که‌ری سیاسی ئاسۆ عه‌بدول له‌تیف و رۆژنامه‌وان فازل ره‌فعه‌ت باسی زۆر بۆچوونی سیاسی نێو ماڵی شیعه‌و هه‌ڵسوکه‌وتی پارته‌ سیاسییه‌ براوه‌کانی کورد ده‌که‌ن که‌ ئه‌مجاره‌ وه‌کو به‌ره‌یه‌ک روو ده‌که‌نه‌ به‌غدا یان به‌په‌رته‌وازه‌یی، له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاسۆ ده‌ڵێت ''شیعه‌کان چه‌نده‌ په‌رته‌وازه‌بن و جیاواز بن دواجار وڵاتێکی وه‌ک ئێران و مه‌رجه‌عه‌کانیان کۆیان ده‌کاته‌وه، هه‌روه‌ها سونه‌کانیش له‌ده‌وری حه‌لبوسی کۆبوونه‌ته‌وه‌، کوردیش ئه‌گه‌ر وه‌ک به‌ره‌یه‌ک مامه‌ڵه‌ نه‌کات، دۆڕاو ده‌بێت، پویسته‌ کورد لیژنه‌یه‌کی وه‌فدی دانوستانکار پێک بهێنێت، له‌رابردووش کورد خاوه‌نی پلانێکی ستراییژی وپڕۆژه‌ نه‌بووه‌، شیعه‌کان و سونه‌کانیش خاوه‌نی پرۆژه‌ن''.

ئاسۆ عەبدول لەتیف
ئاسۆ عەبدول لەتیف

له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئاسۆ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ چوونی لایه‌نه‌ کوردییه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی بۆ ده‌ست گه‌یستنه‌ به‌ پۆستێکه‌ له‌ بهغدا، ئه‌وه‌نده‌ پرۆژه‌یه‌کی سیاسیان نییه‌ وه‌کو داخوازی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، ده‌شڵێت ''ته‌نانه‌ت ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان له‌ دۆخه‌ سیاسیو ئاریشه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کانی عێراق هه‌ر ئاگادار نین، وه‌زیفه‌که‌یان له‌ ساتی واژۆکردنی بودجه‌دا کورت بووه‌ته‌وه‌، ده‌نا زۆرێکی هه‌ر ئاماده‌بونیان نه‌بووه‌''.

سه‌باره‌ت به‌ کورد له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ که‌ خاوه‌نی ٦٣ کورسییه‌، فازڵ ره‌فعه‌ت پێی وایه کورد که‌مینه‌یه‌ له‌چاو ژماره‌ی کورسییه‌کانی په‌رله‌مانی عێڕاق که‌ ٣٢٩ کورسییه‌ به‌لام ده‌که‌وێته‌ سه‌ر لیسته‌ براوه‌کان که‌ چۆن به‌شداری ده‌که‌ن، له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت ''یه‌کگرتوویی کورد زه‌روره‌ته‌، ده‌توانن کورد رۆڵ ببینێ به‌و ٦٣ کورسییه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه به‌په‌رته‌وازه‌یی، کورد رۆڵێکی ئه‌و تۆی نابێت''.

فازڵ ڕەفعەت
فازڵ ڕەفعەت


پارتی دیموکرات و یه‌کێتی نیشتیمانی که‌ هه‌رێمی کوردستان پێکه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، پارتی ٣٢ کورسی به‌ده‌ست هێناوه‌و یه‌کێتیش ١٦ کورسی، به‌بڕوای رۆژنامه‌وان فازیڵ ره‌فعه‌ت، پارتی به‌ پێی ژماره‌ی کورسی رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا ده‌کات، پێی وایه‌‌ ئه‌و رێکه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌ی سه‌رده‌می تاڵه‌بانی به‌لای پارتییه‌وه‌ به‌سه‌ر چووه‌، هه‌رچه‌نده‌ یه‌کێتی نیشتیمانی پۆستی سه‌رۆک کۆمار به‌ هه‌قی خۆی ده‌زانێت، که‌ له‌رێکه‌وینی ستراتیژی نێوانیان که‌وتووه‌ته‌وه‌ پۆستی سه‌رۆک کۆمار به‌رامبه‌ر پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم بووه‌. له‌و باره‌یه‌وه‌ فازیڵ ده‌ڵێت '' پارتی به‌سێ مه‌رج پۆستی سه‌رۆک کۆمار ده‌داته‌وه‌ به‌ یه‌کێتی، یه‌که‌میان که‌سی دانراو دڵخوازی پارتیش بێت، وه‌ک جاری پێشوو رونه‌دات که‌ دوو کاندیدیان هه‌بوو، حکومه‌تی هه‌رێم حکومه‌تێکی سه‌رتاسه‌ری بێت، پارتی پێی وایه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری سه‌وز به‌ربه‌ست بۆ بڕیاره‌کانی حکومه‌ت داده‌نرێت، ئه‌م خاڵه‌ی پارتی له‌م ساتو کاته‌دا شیانی جێبه‌جێکردن نییه‌، وه‌لێ خاڵێکی تریان وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری که‌رکوکه‌، که‌ ئه‌وه‌ش به‌لای یه‌کێتییه‌وه‌ قورس ده‌بێت، که‌ دانوستانه‌کان و کۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌کان له‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ یه‌کلا ده‌کاته‌وه‌ که‌چۆن ڕێک ده‌که‌ون.'' ‌‌‌‌

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:34:58 0:00


XS
SM
MD
LG