Accessibility links

چاندنی کۆئەندامی ئاژەڵ لە جەستەی مرۆڤدا


پزیشکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گورچیلەیەکی بەرازیان بە شێوەیەکی کاتی خستە جەستەی مرۆڤەوە و لە ئەنجامدا بینییان کە کاردەکات و ئەمەش هەنگاوێکی بچووکە لە تاقیکردنەوەکانی کە دەیان ساڵە لەو بوارەدا ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی ڕۆژێک بتوانن کۆ ئەندامی ئاژەڵەکان لە جەستەی مرۆڤەکاندا بچێنن.

پزیشکەکان لە سەنتەری تەندروستی لانگۆن لە زانکۆی نیو یۆرک مانگی ڕابردوو کۆئەندامەکەیان لکاند بە جوتێک دەماری خوێنیەوە لە جەستەی ژنێکیدا کە مێشکی وەستابوو و لە ڕێگای ئامێری هەناسەکێشانەوە بە زیندوویی مابۆوە.

دکتۆر ڕۆبێرت مۆنتگۆمری، سەرۆکی ئەو تیمی نەشتەرگەرییەکە گوتی گورچیلەی بەرازەکە بەو شێوەیەی کە هیوایان دەخواست کاری کردووە.

توێژەران دەیان ساڵە کار لەسەر ئەگەری بەکارهێنانی ئەندامی ئاژەڵەکان دەکەن لە لەشی مرۆڤەکاندا، بەڵام لەبارەی چۆنیەتی ڕێگەگرتن لە ڕەتکردنەوەی دەستبەجێ لەلایەن جەستەی مرۆڤەوە کێشەیان هەبووە.

دەوترێت لەوانەیە ئەو تاقیکردنەوانە وەک ڕێبازێک تاقی بکەنەوە بۆ چارەسەری کورتخایەن بۆ ئەو نەخۆشانەی کە لە دۆخێکی باشدا نین هەتا ئەو کاتەی گورچیلەی مرۆڤیان دەست دەکەوێت.

بەپێی ئامارەکانی تۆڕی یونایتد بۆ هاوبەشیکردنی ئۆرگانەکان، زیاتر لە 100 هەزار کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئێستادا چاوەڕێی چاندنی ئەندام دەکەن، لەوانە زیاتر لە 90 هەزار کەس چاوەڕێی گورچیلە دەکەن و تێکرای ئەو ساڵانە کەسێک لە ئەمەریکا چاوەڕێ گورچیلە دەکات سێ بۆ پێنج ساڵ دەبێت.

XS
SM
MD
LG