Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق


ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ڕۆژی 10ی مانگی 10ی عێراق، مشتومڕێکی گەورە و سەرسوڕمانێکی زۆریشی هێناوەتە ئاراوە لەناو لایەنە سیاسییەکان و لەناو ڕای گشتی عێراقییەکانیشدا.

هەر ئەم ئەنجامانەی هەڵبژاردنەکە، ئاماژەی ئەوەیشی تیادایە کە دەشێت قۆناغی پاش هەڵبژاردن قۆناغێکی ئاسان نەبێت و نەتوانرێت بە سانایی تێبپەڕێندرێت، بەتایبەتیش کاتێک باس دێتە سەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە.

پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک کە ببێتە خاوەنی 165 کورسی پەرلەمان، ناکرێت هەر تەنها وەک زۆرینەیەکی سادەی پەرلەمانی لێی بڕوانرێت؛ لە لایەک بەهۆی ئەو هەموو ناکۆکییە سیاسیانەی لە نێوان لایەنەکاندا هەن و لە لایەکی تریشەوە بوونی میلیشیاکانی شیعەکان و سوننەکانیش وەها دەکات تەنانەی گەشبینییەکانیش بەرامبەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ کز ببن، یانیش ئەگەر هاتوو حکومەتیش پێکهێنرا، پرسیارگەلێکی زۆر دێنە ئاراوە سەبارەت بەوەی چۆن دەتوانێت هاوکاتی تەگەرە و گرفتەکان ئەو هەموو ئەرکانەی دەکەوێتە سەر شانی بەڕێوەبەرێت و بەجێیان بگەیەنێت.
موقتەدا ئەلسەدر، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەیە و وەک ڕایگەیاندووە، ناخوازێت حکومەتی داهاتوو لەسەر بنچینەی بەش بەشێنەی تایفەیی بێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی نەکردووە بەوەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکان چۆن دەبێت و لەسەر چ بنچینەیەک دەبێت و ئەو هەموو جیاوازی ڕوانینانەی لە نێوان لایەنەکاندا هەن، بەتایبەتیش شیعەکان ئایا دەتوانن پێکەوە هەڵبکەن لەناو هاوپەیمانێتییەکدا، ئەمانە پرسیارگەلێکن هەر هیچ نەبێت تا ئامادەکردنی ئەم بەرنامەیە بێ وەڵامن.


میوانی بەرنامە:

دکتۆر ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

ئێرانییەکان زۆر خۆشحاڵ نین بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی یەکێتی ئەوروپاش، ستایشێکی زۆری پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و ئەمەریکاش پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی کردووە وەک بەجێگەیاندنی پەیمانی کردنی ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختە.

تاران، وەک دەگوترێت دەستێکی ئەوتۆی نەبووە لە هەڵبژاردنەکەی 10ی مانگی 10دا، هەربۆیەشە لێرە و لەوێی عێراقدا باس لە کورتهێنانی دەنگی لایەنەکانی سەر بە ئێران یان نزیک لە ئێران دەکرێت، بەڵام ئایا ئێرانییەکان هەر بەو شێوەیە دەستیان کورت دەبێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا؟

هەرچۆنێک بێت، عێراقییەکان دەڵێن لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێران خەڵکی خۆیان دەخەنە سەر شەقامەکانی وڵاتەکە و دروشمی "نا بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردندا" دەڵێنەوە.

پێشتر خۆپیشاندارانی مانگی 10ی ساڵی 2019 بەردەوام داوای ڕێگەگرتنیان دەکرد لە دەستی دەرەکی و دەستێوەردانی دەرەکی لە عێراقدا.

ئایا مەرجەعیەتی ئایەتوڵا سیستانی ڕۆڵی زیاتری هەیە لە ڕۆڵی ئێران بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعەکانی عێراق؟

ئایا موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری ئێستای عێراق دەرفەتی هەیە پۆستەکەی وەربگرێتەوە؟

ئایا ڕۆڵی کورد و عەرەبی سوننە وەک دوو پێکهاتەی عێراق چەندە لەو عێراقە نوێیەی لە ساڵی 2003وە وەک دەگوترێت پێکهێنراوە؟

دکتۆر ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:32:19 0:00


XS
SM
MD
LG