Accessibility links

ئەمڕۆ بڕیاری ئازادکردنی پێنج چالاکوانی پارێزگای دهوک لە دادگای هەولێر دەرچوو


ڕۆژی پێنجشەممە لە دادگای تاوانی دووی هەولێر دادگاییکردنی پێنج لە ڕاگیراوانی پارێزگای دهۆک بەڕێوەچوو لەو دانیشتنەدا بڕیاری ئازادکردنی ئەو پێنج کەسە درا بەوپێیەی کە یەکێک لەوانە بێ تاوان دەرچوو و چوار کەسەکەی تریش بڕیاری یەک ساڵ زیندانیان بۆ دەرچوو بەڵام زیاتر لە یەک ساڵە ڕاگیراون بۆیە بڕیاری ئازادکردنیان درا.

بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی ئەو پێنج کەسە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گووتی " ئەمڕۆ پرۆسەی دادگاییکردنی پێنج لە چالاکوانانی بادینان بەڕێوەچوو لە پڕۆسەیەکی ئازاد و یەکساندا ئێمە زۆرلە دەستەی سەرۆکایەتی دادگا ڕازین کە مادەکەیان گۆڕی، بەپێی ئەو مادەیە هەریەک لە دکتۆر عامر خالید بە ئیفراج کردن ئازادکرا و هەریەک لە سلێمان کەمال و سلێمان موسا و جەمال خەلیل لەگەڵ فرسەت ئەحمەد ئەمانە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە ڕۆژی 6ی9 بۆیان حسابە واتا ئەمڕۆ ماوەکە تەواوبووە و ئەمڕۆ هەر هەموویان ئازادکران".

دایکی سلێمان کەمال
دایکی سلێمان کەمال

کەسوکار و پارێزەر و پەرلەمانتاران و چالاکان دڵخوشی خۆیان لەمەڕ ئەو بڕیارەی ئەمڕۆی دادگای هەولێر دەربڕی، کەسوکاری ئەو پێنج کەسەی کە ئەمڕۆ بڕیاری ئازادکردنیان دەرچوو دڵخۆشی خۆیان نیشاندا و داوایان دەکرد کە سەرجەم ڕاگیراو و حوکمدراوان ئازادبکرێن. دایکی سلێمان کەمال بە دەنگی ئەمەریکای وت " زۆر دڵخوش بووم کە ئەمڕۆ کوڕەکەم بینی، داوا دەکەم ئەوانەی تریش ئازادبکرێن و بچنەوە نێو کەسوکاریان سوپاسی هەر هەموویان دەکەم کە هاوکارمان بوون".

خۆشکی سلێمان موسا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەمە ساڵێک و چەند مانگێکە براکەم نەبینیوە کە پێیان وتم ئەوەیە نەمناسیوەتەوە نازانم ڕەنگی زۆر گۆڕاوە، بۆیە زۆر دڵخوشم و داوا دەکەم هەموویان ئازادبکرێن چونکە هەموویان خاوەن خانەوادەن".

ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق لە دادگا ئامادەبوون بۆ چاودێری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو کەسانە. دوای بڕیاری دادگا بە ئازادکردنی ئەو پێنج کەسە، لە بەردەم دادگا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەریەک لە عەلی حەمە ساڵح و ئەبوبەکر هەڵەدنی داوایان کرد هێشتا بەشێکی زۆر لە چالاکوانی بادینان لە زیندانن، دەبێت پرۆسەی دادگاییەکە خێرا بکرێت ئەگەر وا بەردەوام بێت لەوانەیە بەشێکیان تا ساڵێکی تر و دواتر هەر بەردەوام بن چونکە دڵنیاین هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر نەبووە. ئەوان گوتیشیان هیوامان وایە ئەم پرۆسەیە خێرابکرێت و دەبێت پەرلەمانی کوردستان هەمواری ئەو یاسایە بکاتەوە ئەوانەی کە ساڵێک حوکمردراون لە وەزیفە دەردەکرێن. مامۆستا بەدەل و چوار ک تری کە ئەمڕۆ هەر پێنجیان دەرکراون لەبەر ئەوەی ساڵێک حوکمدراون دەبێت کار بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە بکرێت.

جێی باسە ئەو پێنج کەسەی کە ئەمڕۆ بڕیارە ئازاد بکرێن، بەپێی پارێزەران بەتومەتی ئەوە دادگایی کران کە هەوڵی پشێوی و تەقەکردن لە بەرپرسانی پارێزگای دهوکیان دابوو، بەڵام ڕاگیراو وسزادراوانیش ئەو تومەتانەیان ڕەت دەکردەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:53 0:00


XS
SM
MD
LG