Accessibility links

برۆکسل لەگەڵ ئێراندا کۆنابێتەوە


وێنەی یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا لە ڤیەننا. ئەرشیف
وێنەی یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا لە ڤیەننا. ئەرشیف

یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل هیچ وتووێژێکی نابێت لەگەڵ ئێراندا بۆ ڕۆژی پێنجشەممە لەسەر دەستپێکردنەوەی وتووێژی ناوکی ئێران، بەپێی وتەبێژێکی یەکێتی ئەوروپا.

ئەم لێدوانەی نەبیلە مەسرالی،پێچەوانەی ڕاگەیەندراوەکەی تارانە لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە.

خانم مەسرالی، ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "ڕۆژی پێنجشەممە هیچ کۆبوونەوەیەک ناکرێت و لە ئێستادا ناتوانرێت ئەگەری ئەو کۆبوونەوەیە یانیش کەی دەکرێت پشتڕاست بکرێتەوە."

ئەم راگەیاندنەش دوابەدوای لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانە لەسەر چونی عەلی باقڕی، سەرۆکی وتووێژکەرانی ناوکی ئێران بۆ برۆکسل بە مەبەستی کۆبوونەوە لە ڕۆژی پێنجشەممەدا.

جۆسیپ بۆڕێل، سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا، زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممە ئاماژەی بەوە کردبوو وەک دەڵێت "بەو هیوایەی لە ڕۆژانی داهاتوودا لە برۆکسل کۆبوونەوەی ئامادەکاریمان هەبێت، بەڵام ناتوانم لەوبارەیەوە دڵنیایی بدەم."

یەکێتی ئەوروپا کە وەک ڕێکخەرێکی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015یە لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا، لە هەوڵدا بووە بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکە بە ئامانجی بوژاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی 2015 مۆرکرا و بەهۆی کشانەوەی ئەمەریکا لە سەروەختی سەرۆکایەتییەکەی دانۆڵد ترامپدا لە ساڵی 2018دا گورزێک بەر ڕێککەوتنەکە کەوت.

وتووێژەکان لە مانگی 4دا دەستیان پێکردەوە پاش ئەوەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کە جێی ترامپی گرتەوە، ئاماژەی بە خواست کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە و هەروەهاش هەڵگرتنی ئەو سزایانەی دانۆڵد ترامپ سەپاندبوونی بەسەر ئێراندا.

ئەم وتووێژە ناوکیانەی ڤیەننا لە مانگی 6ی ڕابردووەوە ڕاگیران، بەهۆی هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسیەوە وەک سەرۆکێکی زۆر کۆنەپارێزی ئێران.

تاران لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا بەردەوام ڕایدەگەیاند کە بەمزووانە دەگەڕێتەوە بۆ وتووێژەکان، بەڵام هیچ ڕۆژێکی بۆ ئەو گەڕانەوەیەی دەستنیشان نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا کە پشوودرێژی لایەنەکانی تر بەشدار لەو کۆبوونەوانەدا هەروادێ و بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات.

ئەمەریکا ناڕاستەوخۆ بەشداری لە وتووێژەکانی ڤیەننادا کردووە و واشنتۆن سووریشە لەسەر ئەوەی دەبێت تاران بگەڕێتەوە بۆ وابەستەییەکانی بە ڕێککەوتنەکەوە کە لێی کشاوەتەوە.

XS
SM
MD
LG