Accessibility links

ڕوسیا لە پێشەنگی مانۆڕە لەشکرییەکەی تاجیکستاندایە


هاوبەندییەکی ئاسایشی پاش قۆناغی سۆڤیەتی پێشوو، دەستیکردووە بە گەورەترین مانۆڕی سەربازی لە نزیک سنوری تاجیکستان و ئەفغانستانەوە.

ئەم مانۆڕەی ئەمڕۆ دووشەممە، هاوکاتی قەیران و پشێوییەکانی ئەمدیو و ئەودیوی سنورە و هەروەهاش بەر لە وتووێژی هێزە سەرەکییەکانی ناوچەکەیە لەگەڵ حکومەتی نوێی تاڵیبانی ئەفغانستاندا.

بە پێچەوانەی وڵاتانی دراوسێی باکوری ئەفغانستان، کە وەک دیفاکتۆیەک دانیانناوە بە ڕێبەرایەتی تاڵیباندا و دەستیان کردووە بە دروستکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کابوڵدا، تاجیکستان ڕەتی کردۆتەوە دان بەو ڕێکخراوە ئیسلامیەدا بنێت و ڕاپۆرتیش هەن لەسەر کۆکردنەوەی هێزی سەربازی لە هەردوو دیوی سنوری نێوان تاجیکستان و ئەفغانستان.

ئەم مانۆڕە لەشکرییەی وڵاتانی ئەندامانی کۆمەڵەی ئاسایشی گشتی، بە بەشداری زیاتر لە 5 هەزار سەرباز دەکرێت و زیاتر لە نیوەی سەربازەکانیش ڕوسیایین، بەپێی ڕاگەیەندراوی هەردوو وەزارەتی بەرگری تاجیکستان و ڕوسیا.

بڕیاریشە ئەم مانۆڕە شەش ڕۆژ بخایەنێت و دوابەدوای ژمارەیەک مانۆڕی تری سەربازی دێت کە لە مانگی 8 و 9دا کراون لە دەروبەری سنوری ئەفغانستان لەلایەن ڕوسیا و هاوپەیمانەکانی تری لە ناوەڕاستی ئاسیادا.

ڕوسیا نیگەرانی هەیە لەوەی میلیشیا ئیسلامییەکان دزە بکەنە ناو کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشووەوە لە ناوەڕاستی ئاسیادا کە مۆسکۆ وەک بەربەستێکی بەرگری باشوری خۆی لێیان دەڕوانێت.

مۆسکۆ بنکەیەکی لەشکریی لە تاجیکستان هەیە و بەڕێوەیدەبات و دوشەنبێی دڵنیاکردۆتەوە لەوەی یارمەتی دەدات هاوکاتی ئەگەری هەر جۆرە جموجۆڵێکی نەخوازراو لەسەر سنورەکەی لەگەڵ ئەفغانستاندا.

وەها بڕیارە شاندێکی باڵای تاڵیبان لەم هەفتەیەدا سەردانی مۆسکۆ بکات بە مەبەستی وتووێژکردن و لەو وتووێژانەشدا چین و پاکستان و هیندستان و هەروەها ئێران بەشدار دەبن، هەرچەندە گەورە کاربەدەستێکی ڕوسیایی لێدوانی داوە و دەڵێت "پێشبینی ناکات هیچ بەرەوپێشچونێک لەو وتووێژانەدا بێنە ئاراوە."

زامیر کابولۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادمیر پوتن بۆ ئەفغانستان دەشڵێت، کاربەدەستانی تری ڕوسیا و ئەمەریکا و چین و پاکستان بە جیا ڕۆژی سێشەممە لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە بە مەبەستی گەیشتن بە هەڵوێستێکی هاوبەش لەسەر گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان.

XS
SM
MD
LG