Accessibility links

سەرکردەی لەشکری میانمار بڕیاری ئازادکردنی گیراوەکان دەدات


مین ئۆن هلەینگ
مین ئۆن هلەینگ

سەرۆکی ئەنجومەنی لەشکریی میانمار ئازادکردنی زیاتر لە 5 هەزار کەس ڕادەگەیەنێت کە لەسەر ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر کودەتاکەی مانگی 2ی ڕابردوو دەستگیرکرابوون.

ئەم ڕاگەیاندنەی ئەمڕۆ دووشەممەش بۆ ئازادکردنی ئەو گیراوانە، چەند ڕۆژێک پاش ئەو سوکایەتی پێکردنەی ڕژێمی لەشکریی میانمار بوو لەلایەن بەرەیەکی وڵاتانی هەرێمەکەوە.

لەوەتای کودەتا لەشکرییەکە کراوە، میانمار لە ئاژاوە و گێرەشێوێنیدا بووە و زیاتر لە 1100 کەسی سیڤیل کوژراون لە ئاکامی سەرکوتکردنی خوێناویانەی جودابیران و زیاتر لە 8 هەزار کەسیش دەستگیرکراون، بەپێی ڕێکخراوێکی خۆجێیی چاودێری.

ڕێکخراوی ئەنجومەنی کۆمەککردنی زیندانییە سیاسییەکان دەڵێت، لە ئێستادا زیاتر لە 7300 کەس لە زینداندان.

مین ئۆن هلەینگ، سەرۆکی ئەنجومەنی لەشکریی دەڵێت سەرجەم 5636 کەس ئازاد دەکرێن بەبۆنەی جەژنی تادینگیوت کە لە کۆتایی مانگی دەدایە.

ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارەش لە سەروبەندی بڕیارێکی ئەنجومەنی وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ئاسیادایە بۆ ڕێگەگرتن لە مین ئۆن لەوەی بەشداری بکات لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ئەم ئەنجومەنەدا کە لە 10 وڵات پێکهاتووە و ئەنجومەنەکەش وابەستەیە بە کۆتاییهێنان بە قەیرانی خوێناوی میانمارەوە.

مین ئۆن، لە ڕاگەیاندنەکەیدا هیچ زانیاری و وردەکارییەکی وەهای باسنەکردووە کە ئەم بڕیاری ئازادکردنە کێ دەگرێتەوە یان ناگرێتەوە و دەسەڵاتدارانی زیندانیش وەڵامی داوایەکی ئاژانسی فڕانس پرێسیشیان نەداوەتەوە تا سەرنج و تێبینی خۆیان بڵێن.

دەسەڵاتدارانی میانمار، لە مانگی 6ی ڕابردوودا، زیاتر لە 2000 گیراوی دژە کودەتا ئازادکرد لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، لەوانە ڕۆژنامەوانانی ڕەخنە و ناڕەزاییان هەبووە دژی حکومەتی لەشکریی.

ڕۆژنامەوان دانی فینیشتەر، ئەمەریکاییە و یەکێکە لەوانەی تا ئێستا لە گرتوخانەیە. دانی، ڕۆژی 24ی مانگی 5 دەستگیرکرا.

زیاتر لە 1300 کەس لەو گیراوانەی بڕیارە ئازاد بکرێن، وەک مین ئۆن دەڵێت "دەبێت یاداشتێک مۆر بکەن و پەیمان بدەن جارێکی تر خراپەکاری ناکەنەوە."

XS
SM
MD
LG