Accessibility links

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق داکۆکی لە پاکی هەڵبژاردنەکان دەکات و میلیشیاکانیش هەڕەشە دەکەن


.
.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەو دوا ئەنجامانەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی هەفتەی ڕابردووی وڵاتەکە "ئاماژەیەکن بە پاکترین هەڵبژاردن بەپێی گەواهیدانی لایەنە سیاسییەکان و چاودێرانیش."

کۆمیسیۆن لەم ڕاگەیەندراوەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا دەڵێت "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەکەوتۆتە ژێر هیچ فشارێکەوە" و دەشڵێت هەموو لایەنەکانی مافی تانە لێدانیان هەیە و ئەم دوا ئەنجامانەش کە بڵاوکراونەتەوە تا دادگای باڵای عێراق پەسەندیان نەکات، نابنە ئەنجامی فەرمی بۆ هەڵبژاردنەکەی 10ی مانگی 10ی ساڵی 2021.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت دەرفەتی تانە لێدانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕۆژی سێشەممە کۆتایی پێدێت و تەنها 10 ڕۆژیش بۆ پێداچوونەوەی تانەکان هەیە و بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراقی لەسەر دەردەچن.

هاوکات لایەنەکانی خۆیان بە "ئەنجومەنی هێزی بەرگریکار لە عێراق" ناودێر دەکەن، هەر ئەمڕۆ یەکشەممە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردۆتەوە و بە زمانێکی توند گازەندە لە کۆمیسیۆن دەکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا ئەو لایەنانە دەڵێن "دەستی دەرەکی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا هەبووە و دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش بە سەرپەرشتی حکومەت بووە و ئەمانەش بوونەتە هۆکاری شکستی کاری کۆمیسیۆن و نەتوانێت لەبەرامبەر خواستە دەرەکییەکاندا هەڵوێستی هەبێت، ئەمەش وڵاتەکە دەبات بەرەو کەناری داڕمان."

ئەو لایەنانەی ئەو ڕاگەیەندراوەیان مۆر کردووە دەڵێن "وەها چاوەڕوانمان دەکرد کۆمیسیۆن ئەو ڕێبازە هەڵەیەی چاک بکردایەتەوە تا قەیران ڕووینەدایە، بەڵام پێداگرتنێکی سەرسەختانە دەبینرێت بۆ نانەوەی قەیرانی زیاتر لەڕێی سووربوون بەوەی درێژەبدرێت بەو ڕێبازە هەڵەیە."

ئەم هێزانەی خۆیان بە هێزی بەرگریکاری عێراقی ناودێر دەکەن لە ڕاگەیەندراوەکەشیاندا دەڵێن "عێراق هەمیشە ڕێگر بووە لە هەموو ئەو پڕۆژە قێزەونانەی گەلی عێراق بە ئامانج دەگرن."

ئەم ئەنجومەنەش داوا لە خەڵکی عێراق دەکات و هانیشیان دەدات بۆ خۆپیشاندان و ڕژانە سەر شەقامەکان دژ بە وەک دەڵێت "ئەو پیلانگێڕیانەی بەرامبەر خەڵکی عێراق دەکرێن."

ئەو لایەنانەی ئەم ئەنجومەنەیان پێکهێناوە،لەوانە، کەتائیبی حزبوڵا و عەسائیب ئەهلولحەق و نوجەبا و کەتایبی سەیدولشوهەدا، بەوە ناسراون کە سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن.

XS
SM
MD
LG