Accessibility links

تورکیا لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئێف 16ی ئەمەریکادایە


فڕۆکەیەکی جۆری ئێف 16

سەرۆکی تورکیا ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەی لە وتووێژدایە لەگەڵ ئەمەریکا بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف 16.

پێشتر وتووێژەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف 35 ڕاگیران، بەهۆی ئەوەی ئانکەرە سیستەمی بەرگری موشەکی لە ڕوسیا کڕیوە.

واشنتۆن لە ساڵی 2019دا ئەو سەودای کڕینەی فڕۆکەی شەبەحی ئێف 35ی نەکرد لەگەڵ ئانکەرەدا و ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوانیانی خستە بەر مەترسییەوە.

تورکیا هەوڵی دەدا تا 100 فڕۆکەی جۆری ئێف 35 بکڕێت، بەڵام ئێستا هەوڵدەدات تا قەرەبو بکرێتەوە بەتایبەتیش بۆ ئەو یەک ملیار و چوارسەد ملیۆن دۆلارەی بۆ ئەو سەودایە تەرخانی کردبوو.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە فڕۆکەخانەی ئەستانبوڵ بەر لە سەردانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی بۆ ئافریکا، بە پەیامنێران دەڵێت "بێگومان داوای کڕینی فڕۆکەی ئێف 16 لە ئەمەریکا پەیوەندی هەیە بە دۆسێی سەودای کڕینی فڕۆکەکانی جۆری ئێف 35ەوە."

ئەردۆغان دەڵێت ئەمەریکا پێشنیازی کڕینی ئێف 16ی کردووە، بۆ نۆژەنکردنەوەی هێزی ئاسمانی تورکیا.

سەرۆکی تورکیا لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ئاماژەیشی کردووە بەوەی وەک دەڵێت "تورکیا هەر هەنگاوێک بێت، دەینێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سیستەمی بەرگری وڵاتەکە و تورکیاش کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی هێزی ئاسمانی خۆی دەکات."
هەرچۆنێک بێت، ئەم جۆرە سەودایانە پێویستیان بەوەیە کۆنگرێسی ئەمەریکا پەسەندی بکات.

لەناو کۆنگرێسی ئەمەریکاشدا هەروادێ هەستی دژە تورکیا زیاتر دەبێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە مانگی ڕابردوودا باسی لەوە دەکرد، هێشتاش تورکیا پلان و بەرنامەی هەیە بۆ کڕینی بەشی دووهەمی موشەکەکانی جۆری ئێس 400 لە ڕوسیا.

ئەمەریکا ئاگاهیداوە بە تورکیا لەسەر ئەو هەنگاوە و دەشڵێت ئەگەر بێتوو تورکیا چەکی زیاتر لە ڕوسیا بکڕێت ئەوا پەیوەندییەکان دەکەونە بەر مەترسی زیاترەوە.

XS
SM
MD
LG