قوتابخانەکان، بانکەکان و فەرمانگە حکومییەکان لەسەرانسەری لوبنان ڕۆژی هەینی داخران دوای ئەوەی چەند کاتژمێرێک شەڕێکی سەخت لەنێوان لایەنە میلیشیا چەکدارەکان لە بەیروت ڕوویدا و لە ئەنجامدا شەش کەسکوژران و دانیشتوانی شارەکەش ترس و دڵەڕاوكێ لە ناویاندا دروست بوو.
حکومەت ڕۆژێکی ماتەمینی ڕاگەیاند پاش ئەو پێکدادانە چەکدارییەی کە لایەنەکان چەک و هەنارۆکیان لە سەر شەقامەکانی پایتەختی ئەو وڵاتە بەکارهێنا هاوشێوەی تاریکترین سەردەمی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە لەساڵی 1975 بۆ 1990.
ئەو شەڕەی پایتەختی لوبنان مەترسی توندوتیژی تایفی لەو وڵاتەدا زیاد کرد کە خۆی لە خۆیدا توشی گەورەترین قەیرانی ئابوری لە ماوەی 150 ساڵی ڕابردوودا بووەتەوە.
توندوتیژییەکان لە ڕۆژی پێنجشەممە لە میانەی خۆپیشاندانێک دروست بوونکە لەلایەن دوو پارتی سەرەکی شیعەکان، حزبوڵا و بزوتنەوەی ئەمەل، ڕێکخرابووبۆ داواکاری لەکارخستنی دادوەری باڵای لێکۆڵینەوەکانی تەقینەوەکانی ساڵی ڕابردووی بەندەری بەیروت.
بەشێکی زۆری خۆپیشاندەرەکان چەکدار بوون. هێشتا ڕوون چۆن شەڕە گولە دەستیپێکرد ، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەکە زۆر بە خێرایی بوو شەڕە تەقەو دیمەنی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەگەڕایەوە.
شەڕو پێکدادان بۆ چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو و ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەکان دەستبەجێ گەیشتنە ناوچەکە بۆ گواستنەوەی قوربانییەکان. سێرەگرەکان لەسەر باڵەخانەکانەوە تەقەیان دەکرد. گولە بەر دەرگاو پەنجەرەی باڵەکانەکان دەکەوت. دەستبەجێ خوێندنگەکان داخران و دانیشتوان خۆیان لە پەناهگاکاندا شاردەوە.
ئەو دوو گروپە شیعەیە دەڵێن خۆپیشاندەرەکانیان لەلایەن سێرەگرانی کە لە سەربانەکان بوون کراونەتە ئامانج، ئەوان هێزی چەکداری لوبنانی ڕاستڕەوی کرستیان بە دەستپێکردنی شەڕەکە تۆمەتبار دەکەن. ئەو کەسانەی کە کوژراون هەمویان شیعە بوون و دووانیان چەکداری حزبوڵا بوون.
ڕۆژی هەینی دانیشتوانی بەیروت لە ناوچەی تەیوونە کە زۆربەی شەڕو پێکدادانەکان لەوێبوون، شوشە شکاوەکانیان لە شەقامەکان و بەردەوم دوکان و باڵەخانەکان پاکدەکردەوە.
سەربازەکان پاسەوانێتی ئەو گەڕەکانەیان دەکرد کە پێکدادانەکان تیایاندا ڕوویدابوو ڕێگای چوونە نێو گەڕەکەکانیان تەلبەند کردبوو. ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلەکان لەسەر شەقامەکان تێکشکابوون.
ناوچەی تەیوونەفولکەیەکی گەورەی هەیە کە گەڕەکە کرستیان و موسڵمانەکان جیادەکاتەوە. پاشان هەر ڕۆژی هەینی حزبوڵا و بزوتنەوەی ئەمەل مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی کوژراوەکانیان ئەنجام دا.
ئەم ڕووداوانەیڕۆژی پێنجشەممە بەردەم دادگای باڵای لوبنان لە بەیرووت، پاش ئەوە بوون کە دادگای پـیاداچوونەوەی سیڤیلی سکاڵای وەزیری پـێشووی دارایی عەلی حەسەن خەلیل و وەزیری پـێشووی کار غازی زعێتری ڕەتکردەوە کە داوایان کردبوو ئەو بڕیاری دەستگیرکردنەی بۆیان درابوو لەلایەن تارق بیتار دادوەری لێکۆڵینەوەی کەیسی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت هەڵبوەشێنێتەوە.
دادگای پـیاداچوونەوە بڕیاری دا سکاڵای ئەم دوو کاربەدەستەی پـێشوو ڕەتبکاتەوە بەو پـێیەی دادوەر تارق بیتار لە دادوەرانی دادگای پـیاداچوونەوە نیـیە.
پـێشتر دادوەر تارق بیتار داوای کردبوو ئەم دوو وەزیرەی پـێشوو کە سەر بە بزوتنەوەی ئەمەلن لە دادگا ئامادەبن لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە کەیسەکە، بەڵام ئامادە نەبوون، بۆیە دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردبوون.