Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق و گومانەکان


هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق کرا، دواتریش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ناوبەناو ئەنجامە بەراییەکانی ئەو هەڵبژاردنەی ڕادەگەیاند.

ڕیژەی بەشدارینەکردن لە دەنگداندا زۆر بوو و کۆمیسیۆن خۆی دەڵێت لە سەدا 41ی دەنگدەرانی عێراقی بەشدارییان کردووە لە هەڵبژاردنە تایبەتەکەی ڕۆژی هەینی و هەڵبژاردنی گشتی ڕۆژی یەکشەمەدا.

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق مشتومڕێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە. ئەو لایەنە شیعانەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن یان نزیکن لە ئێرانەوە پێی قایل نین و دەڵێن "دەستکاری دەنگەکان کراون."

ئەمە لە کاتێکدایە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و چاودێرانی نێونەتەوەیی و ناوخۆییش جەخت دەکەنەوە لەوەی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق بە باشی بەڕێوە چووە و کێشە و گرفتێکی ئەوتۆشی تیادا نەبووە.

ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی لە مانگی 10ی ساڵی 2019دا دەستیپێکرد، حکومەتی عێراقی ناچارکرد هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، بەڵام چالاکوانانی ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە هەر بۆخۆیان داوای بەشدارینەکردنی دەنگدەرانیان دەکرد لە هەڵبژاردنەکەدا و وەک دەیانگوت "لە ئاوەها هەلومەرجێکدا کە هێشتا دیاردەی چەکداری نایاسایی لە وڵاتەکەدا هەیە و لایەنەکانی فەرمانڕەوای 18 ساڵی ڕابردووی عێراق باڵادەستن، چاوەڕوان ناکرێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەپێی خواست و داواکانی شەقامی عێراقی بێت."
هەرچۆنێک بێت ڕووداوەکانی پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکە، وەک ڕەتکردنەوەی ئەو ئەنجامە بەراییانە و گۆڕینی هەندێک لە ئەنجامەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە (کۆمیسیۆن دەڵێت پاش بژاردنەوەی دەنگەکان بە دەست) هەروەهاش ڕووداوەکانی پارێزگای کەرکوک، دەشێت وەک بەڵگەیەک لێی بڕوانرێن بۆ ئەو ڕوانینانەی شەقامی عێراقی.

ڕێگەگرتن لە دەستێوەردانی دەرەکی، داوایەکی تری خۆپیشاندەرانی عێراقی بوو.

بەپێی زۆرێک لە سەرچاوە عێراقییەکان، ڕۆژی دووشەممە سەرکردەی هێزی قودس، پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بە سەردانێکی لە ناکاو و نهێنی دەگاتە بەغدا، هەرچەندە کاربەدەستانی حکومەتی عێراق نکوڵی دەکەن لەو سەردانە، بەڵام ئەو سەرچاوانە دەڵێن "قائانی بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن سەردانی بەغدای کردووە و دەخوازێت هاوسەنگییەک دروست بکات لە نێوان لایەنە شیعەکاندا، بەتایبەتیش کە لایەنی سەدرییەکان بە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن دانرا.

بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، ڕەهەندێکی گرنگی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق بوو، وەک شیکەرەوە دەڵێن "گومانێکی زۆری خستۆتە سەر ڕەوایی سیستەمی سیاسی و فەرمانڕەوایەتی لە تەواوی عێراقدا، بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە."

دکتۆر کامەران مەنتک
دکتۆر کامەران مەنتک

ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق، پرەنسیپی گۆڕانکاری لەو وڵاتەدا جێگیر دەکات؟

ئایا دەستێوردانی دەرەکی دەبێتە فشار بەسەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە؟

ئایا ڕێبەرانی عێراق بە کوردیشەوە لە پەیامی بایکۆتی هەڵبژاردن تێگەیشتون؟

ئایا عێراقییەکان بێ لە هەڵبژاردن هیچ میکانیزمێکی تریان لەبەردەستە بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی؟

دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی سیاسی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:31 0:00


XS
SM
MD
LG