Accessibility links

رێبەرانی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان گفتوگۆ لەسەر قەیرانە مرۆییەکانی ئەفغانستان دەکەن 


رێبەرانی 20 وڵاتی خاوەنی گەورەترین ئابوری جیهانن ڕۆژی سێشەممە کۆبونەوەیەکی نائاسایی کاریگەریان لەسەر ئەفغانستان ئەنجام دا، ئەمەش دوابەدوای کەمتر لە دوو مانگ دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەو وڵاتەدا گرت. ماریۆ دراگی، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا کە سەرۆکایەتی ئەم خولەی گروپی G20 دەکات فشاری خستە سەر کۆبوونەوەکە و وتی ئەفغانستان بەرەو کارەساتێکی مرۆیی دەچێت.

ماریۆ دراگی، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممە کۆبونەوە داخراوەکە لەسەر ئەفغانستان تیشک دەخاتە سەر ئاسایش و یارمەتی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا. ئەم کۆبوونەوەیە کەمتر لە سێ هەفتە بەر لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی گروپی G20 ی سەرکردەکانی جیهانە کە لە ڕۆما لە 30 بۆ 31ی مانگی 10 بەڕێوەدەچێت.

هەر لە 15ی مانگی 8 ەوە کە تاڵیبان دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، دوابەدوای کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا پاش 20 ساڵ لە شەڕ؛ نیگەرانی زیاتر بووە سەبارەت بە بارودۆخی مرۆیی لەو وڵاتەدا.

سەرکردەکان گفتوگۆ دەکەن لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چۆنیەتی مسۆگەرکردنی ئازادی هاتوچۆی ئەفغانیەکان لە دەرەوە و ناوەوەی سنوورەکانی ئەفغانستان، هەروەها بۆ ئەندامانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و بارودۆخی ژنانی ئەو وڵاتەش، کە ماریۆ دراگی بە کارە بەراییەکان ناودێری کردووە.

سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییانەیدا لە تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی ئیتالیا باسی لە ئەفغانستان کرد.

دراگی گوتی لەلای ئیتالیا داهاتوو بەستراوەتەوە بە بەرگریکردن لە مافە بنەڕەتییەکان و بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و پاراستنی هەموو ئەو کەسانەی کە لەماوەی ئەو ساڵانەدا خۆیان خستۆتە بەردەم مەترسی لەپێناو بەرگریکردن لەو مافانە لە ئەفغانستان.

ئاستەنگی سەرەکی بریتی دەبێت لە فشارخستنە سەر تاڵیبان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان کە ڕووبەڕووی جیاکاری و توندوتیژی دەبنەوە، لەوانە گەڕانەوەی تەواوەتیان بۆ قوتابخانە و شوێنی کار و دانپیادانانیان لە ژیانی سیاسیدا، لە ئێستادا تەنها کوڕان ڕێگەیان پێدراوە بچنە خویندنی ئامادەیی و بە پێی بانکی نێودەوڵەتی لە ئێستادا زیاتر لە 2 ملیۆن کچ لە خوێندن بێبەشن و ئەفغانستانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خانمان خاوەنی نزمترین ئاستی خوێندنەوە و نوسینن لە ئاستی جیهاندا.

ئەنتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند؛ ئەفغانستان ڕووبەڕووی "ساتەوەختی سەرکەوتن یان داڕمان" دەبێتەوە و داوای لە جیهان کرد هەڵوێست وەربگرن.

بەر لەوەی تاڵیبان دەسەڵات بگرێتەدەست، یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان 75٪ ی خەرجییەکانی دەوڵەتی لە ئەفغانستاندا روماڵ دەکرد، بەڵام حکومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەو جۆرە کۆمەکەیان بڕیوە و سەرماییە داراییەکانی ئەفغانستانشیان هەڵپەساردووە.

ئەنتۆنیۆ گۆترێش ڕۆژی دووشەممە گوتیشی؛ بانکەکان لە ئەفغانستان داخراون و لە زۆر شوێن چاودێری تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دیکە ڕاگیراون؛ هۆشداریشیدا ئەو قەیرانە مرۆییەی کە کاریگەری لەسەر نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە هەیە؛ ڕوو لە زیادبوونە.

گۆترێش وتیشی:"ناکرێت گەلی ئەفغانستان سزای بە کۆمەڵ بدرێن تەنها لەبەرئەوەی تاڵیبان خراپ ڕەفتار دەکات."

جۆزێپ بورێل ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە بەڵێنی دا هاوکاری پێشکەش بکات و لە کۆبونەوەیەکی وەزاریی یەکێتی ئەوروپادا وتی "دۆخی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ئەفغانستان لە لێواری داڕماندایە."

بوریل، وتیشی "ئەمڕۆ لەسەر میتۆدێکی هەژمارکراو ڕێککەوتین بۆ دابینکردنی پشتیوانی ڕاستەوخۆ بۆ دانیشتوانی ئەفغانستان بۆئەوەی ڕێگە لە کارەساتێکی مرۆیی بگیرێت، لەکاتێکدا بەدڵنیاییەوە دان بە تاڵیبان دا نانرێت" وتیشی "ئێمە لە ڕێگەی هاوبەشە فرەلایەنەکانمانەوە هاوکار دەبین لە کاتێکدا ڕێز لەو بنەما هاوبەشانە دەگرین کە رێککەوتویین لەسەری."

ئەو کۆبوونەوە لوتکەییە بەرفراوان کراو هۆڵەندا، ئیسپانیا، سەنگاپور و قەتەریشی گرتەوە کە ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە گفتوگۆی نێوان تاڵیبان ڕۆژئاوا.

دراوسێکانی ئەفغانستان کە پاکستان و ئێرانن بانگهێشت نەکراون بۆ ئەو کۆبوونەوە لوتکەییە و میدیاکانی چین ڕایانگەیاند کە سەرۆکی وڵاتەکە "شی جین پینگ" بەشداری ناکات؛ بەڵام بۆ زیاترکردنی زۆرترین بەشداری زۆرێک لە رێکخراوەکان، لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەشداری دەکەن.

هەڵئاوسانی ئابوری ئەفغانستان و پێویستیی پشتیوانی مرۆیی و هەروەها ئەو وڵاتانەی دراوسێی ئەفغانستان کە پەنابەران وەردەگرن تێکڕا بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت.

لویجی دی مایۆ، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا وتی داوای "زیادکردنی کۆمەکی هاوکاری بۆ ئەفغانستان کردووە بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیانی مەدەنی" ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە هەموو شتێک بکرێت بۆ خۆلادان لە داڕمانی دەوڵەت؛ چونکە وەک ئەو دەڵێت " ئەگەر ئەفغانستان بڕوخێت ئەوا دواتر لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی کۆچی بێ کۆنتڕۆڵ دەبینەوە بەرەو وڵاتانی دراوسێ لەگەڵ تێکچوونی سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

لەو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا سود لە ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس و رۆیتەرز وەرگیڕاوە.

XS
SM
MD
LG