Accessibility links

عەدنان عوسمان: گۆڕانیان توشی شکستێکی گەورەکرد، دەبووایە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستیان لەکاربکێشایەتەوە


عەدنان عوسمان
عەدنان عوسمان

ئەندامێکی پێشووی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەبەوە دەکات، ڕێکخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان، دوای ئەو شکستەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا دووچاری بوو، ئیرادەیەکی جدی و گەورەی دەوێت، دەڵێت "من ئێستا ئەو ئیرادەیە نابینم، لەناو گۆڕاندا."

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەدنان عوسمان دەڵێت "شکستی گۆڕان دوو هۆکاری ئەوەیە، گۆڕان پێشتر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی و ئیسڵاحی بوو، بەڵام لە ساڵی 2014 ەوە، وردە وردە بە ئاراستەی دەسەڵات و دوور کەوتنەوە لە شەقام ڕۆیشتووە، گۆڕان زۆر دوورکەوتەوە لەو بنەمایەی لەسەری دروستبوو، تا وایلێهات وردە وردە متمانەی شەقامی لەدەستدا، لەم هەڵبژاردنەدا، بەتەواوەتی متمانەی لەدەستدا."

دەربارەی هۆکاری دووەمی شکستهێنانی گۆڕان، عەدنان عوسمان وتی"هۆکاری دووەم، پەیوەستە بەخودی کاک نەوشیروانەوە، ئەو کەسایەتیەکی ئەزموندار و جێگای متمانەی خەڵکبوو، بەڵام لە ساڵی 2014 ەوە و پێش نەخۆش کەوتنی، وردە وردە بزووتنەوەکەی ڕادەستی هاوڕێ دێرینەکانی کرد، دواتریش کە نەخۆش کەوت، هاوڕێ دێرینەکانی تەواو دەستیان بەسەر بزووتنەوەکە و بڕیاڕەکانیدا گرت، خەڵکە نزیکەکانی خۆیان هێنایە نێو ئۆرگانە قیادیەکانەوە، ئەوان بە عەقڵیەت و تێگەیشتنی خۆیان، ئیدارەی بزووتنەوەکەیان دەدا، نەک بەو عەقڵیەتەی گۆڕانی لەسەر دروستبوو، زیاتر دەسەڵات ویست بوون، پێشتر ناو بازنەی دەسەڵاتدا بوون، بۆیە خەونیان بەنزیککردنەوەی گۆڕان و بەشداریکردن لە دەسەڵاتدەبینی."

عەدنان عوسمان ڕوونیکردەوە، پرۆژە زۆر پێشکەش دەکرێت بۆ گۆڕان، بەڵام چارەسەرکردنی کێشەکان لەچەند خاڵێکدا ئاسان نیە، چونکە گۆڕان لەسەر هێڵە بنەڕەتیەکەی لایداوە، وتی"گۆڕان، گۆڕانی جاران نیە، بەشێکە لە سستمی دەسەڵات و متمانەی شەقام و خەڵکە ناڕازیەکە و کۆمەڵگای مەدەنی لەدەستداوە، گێڕانەوەی ئەو متمانە، پێویستی بەگۆڕانکاری زۆر گەورە هەیە، ئەو گۆڕانکاریەش بە کارێکی زۆر قورس و زەحمەت دەبینم."

بەبڕوای بەرپرسەکەی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو قسەوباسانەی لەبارەی گۆڕانکاری لەنێو گۆڕان دەکرێن، تای دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە، چونکە پێش هەڵبژاردن و پاش هەڵبژاردنیش، تا هەیە، وتی"خانەی ڕاپەڕاندن ماوەی بەسەرچووە، پێویستبوو هەڵبژاردن بۆ ڕێکخەر و خانەبکرێت، گەر ڕۆحیەتی بەرپرسیارێتی هەبووایە، دەبووایە نیو کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، هەموو ئەندامانی خانە دەستیان لەکاربکێشایەتەوە، پێویست بە وەرەقە و قسە فڕێدان ناکات، چونکە گۆڕانیان توشی شکستێکی گەورە کرد، ئەم قسانەی ئێستا، تای دوای هەڵبژاردنە و هەنگاوی جدی و گەورە نانرێت."

عەدنان عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای ساڵی 2014 ەوە، گۆڕان بە ئاراستەی جیاواز براوە، سستمێکی وا لەناو بزووتنەوەکە جێگیرکراوە، بە گۆڕینی ڕێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندن، سستمەکە دەمێنێتەوە، دەبێت سەراپای سستمەکە هەڵتەکێنرێت و ئاراستە و شێوازی کارکردنی گۆڕان بگۆڕدرێت، وتی"ئەمە ئیرادەی گەورەی دەوێت، من ئەم ئیرادەیە نابینم."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەدنان عوسمان ئەندامی پێشووی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، پێیوانەبوو گۆڕان بڕیاری کشانەوە لە حکومەتی هەرێم بدات و ڕەتیکردەوە ئیرادەیەکی وا ناو بزووتنەوەکە هەبێت، وتی"ئەو عەقڵیەتەی لەناو گۆڕان زاڵە، مانەوەی خۆی لەبەشداریکردن لەدەسەڵات دەبینێتەوە، جا گەر بەشداریەکە بە بەڕێوەبەری ناحیەیەکیش بێت، بۆیە ئەو ڕۆحیەتە نابینم، گۆڕان وەزیرەکانی ناچار بە کشانەوە بکات، چونکە گۆڕان بووەتە بەشێک لە سستمی دەسەڵات و دوورکەوتووەتەوە لە ناڕەزایەتی و ڕەخنەگرتن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:34 0:00


XS
SM
MD
LG