Accessibility links

پاش ئەوەی ئەردۆغان ئاماژە بە هێرشێکی تری لەشکری بۆ ناو سوریا دەکات، نرخی لیرەی تورکی دەگاتە نزمترین ئاست


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی لە سوریا.

ئەو لێدوانانەی ئەردۆغان دوای تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک هات کە ڕۆژی دووشەممە لە شاری عەفرینی باکوری سوریا ڕوویدا و بە پێی ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤی بنکە لە لەندەن لەو قەقینەوەیەدا شەش کەس کوژران، کە لانی کەم یەک لەوانە چەکدارێکی سەرهەڵداوانی سەر بە تورکیا بوو.

ئەردۆغان لە وتارێکی تەلەفیزیۆندا پاش کۆبونەوەی کابینەکەی کە وەزیرە باڵاکانی حکومەت تیایدا بەشدار بوون ڕایگەیاند " ئێمە لە هەندێک ناوچە هیچ پشومان نەماوە کە بوون بە سەرچاوەی هێرشی تیرۆرستی دژ بە وڵاتەکەمان لە سوریاوە.ئێمە سورین لەسەر نەهێشتنی ئەم هەڕەشانەی لە سوریاوە دەکرێن بە شێوازی خۆمان."

سەرۆکی تورکیا گوتیشی " ئێمە بە زووترین کات هەنگاوی پێویست دەنێین."

هەر پاش ئەم هەڕەشانەی تورکیا نرخی لیرەی تورکی دابەزی بۆ نزمترین ئاست.

ڕۆژنامەی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت پاش ئاماژەکانی ئەردۆغان بە شیانی هێرشێکی لەشکری بۆ سەر سوریا نرخی لیرەی تورکی بە ئەندازەی 0.4٪ بۆ 9.0398 بەرامبەر هەر دۆلارێکی ئەمەریکایی دابەزیوە.

ئانکەرە چەکدارە کوردەکانی سوریا کە ئەمەریکا پشتیوانیان دەکات بە بەشێکی جیا نەبۆوە لە پەکەکە دەزانێ و بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی لێی دەڕوانێت.

لە ساڵی 2016 وە هەتا ئێستا تورکیا و گروپەکانی سەر بە تورکیا لە سوریالە چەندین ئۆپەراسیۆنی لەشکریدا چەندین ناوچەیان لە سوریا کۆنترۆڵ کردووە.

بەڵام واشنتن لە شەڕی دژی داعش لە سوریا پشتگیری یەپەگەی کردووە و ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆری تورکیا بووەتەوە.

یەپەگە بە خاڵێکی تری گرژییەکانی نێوان سەرۆک بایدن و ئەردؤغان دەبینرێت.

هێزەکانی تورکیا و سەرهەڵداوەکانی سەر بە تورکیا لە سوریا، لە ساڵی 2018 لە هێرشێکی سەربازیدا عەفرینیان کۆنترۆڵ کرد و هێزە کوردییەکانیان لە ناوچەکە دەرکرد.

شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 500هەزار کەس لەو کاتەوەی لە ساڵی2011بە سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندانی ئاشتیخوازا لەو وڵاتەدا دەستیپێکرد.

XS
SM
MD
LG