Accessibility links

بەرپرسێکی پارتی: ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدانی تایبەت لە کەرکوک زۆر دابەزیووە


ڕێژەی بەشداریکردنی هێزە سەربازی و ئەمنیەکانی کەرکوک لە دەنگدانی تایبەتدا، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو زۆر دابەزیووە، بەرپرسانی لایەنە سیاسیەکانیش، نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لە کەمی بەشداریکردنی ڕێژەی دەنگدەرانی تایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا.

بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای پارتی لەکەرکوک، 62%ی دەنگدەرانی تایبەتی کەرکوک، بەشداریان لە هەڵبژاردن دا کردووە، کە ڕێژەکە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو زۆر دابەزیووە.

عەدنان کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/گەرمیان ی پارتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لە دەنگدانی تایبەت، ڕێژەی بەشداریکردن 62% بووە، بۆ دەنگدانی گشتی، ڕێژەکە دێتە خوارەوە."

سەبارەت بەهۆکاری ڕێژەی کەمی بەشداریکردنی هێزە ئەمنیەکان لەدەنگدانی تایبەتدا، عەدنان کەرکوکی، وتی"دەنگدانی تایبەت تایبەتمەندی خۆی هەیە، هیوادارین پێشبینیەکان هەڵە دەرچن، کە ڕەنگە دەنگدانی گشتی ڕیژەی بەشداریکردن کەمتر بێت."

لەدەنگدانی تایبەت دا، دەنگی هێزە دەسەڵاتدارەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دابەزیووە، ئەمە جگە لەوەی ڕێژەی بەشداری نەکردن و دەنگ سوتاندنیش لە ئاستێکی بەرزدا بووە.

وەستا ڕەسوڵ یەکێک لە سەرپەرشتیارانی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"خەڵک هەبووە نەچووە بۆ دەنگدان و هەشە دەنگەکەی سوتاندووە، ئینجا ئەو هێزانەی دەنگیانداوە تەنها پێشمەرگە نین، هێزی جۆراوجۆرن."

لەسەرانسەری عێراقدا، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 24 ملیۆن و 679 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە 14 ملیۆنیان کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش، 3 ملیۆن و 486 هەزارکەس مافی دەنگدانی هەیە و لەو ژمارەیە، 1 ملیۆن و 941 هەزار کەس کارتی دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.

سەبارەت بەهۆکاری دابەزینی دەنگی هێزە دەسەڵاتدارەکان، عەدنان کەرکوکی وتی"38%ی دەنگدەرانی تایبەت بەشدارنەبوون، ڕەنگە تاقەتیان نەمابێت، یان هەڵوێستیان وەرگرتبێت، ئەوانەی دەنگیان نەداوە، هی هەموو لایەنەکانی تێدایە."

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 3 هەزار و 240 کاندیدی سەربە هاوپەیمانێتی و لایەن و کاندیدی سەربەخۆ هەن لە عێراقدا، کە ڕکابەری لەسەر 329 کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:43 0:00


XS
SM
MD
LG