Accessibility links

ژنێکی 22 ساڵ لە سنە دەسوتێت، خۆشەویستەکەی دەڵێت باوکی کوشتویەتی


ناڕەزایی خەڵکی شاری سنە لە بارەی مەرگی فائیزە مەلەکی

مردنی ژنێکی22 ساڵان بەهۆی سەختی سووتانی جەستەی لە شاری سنە چالاکوانانی مافی مرۆڤی هێناوەتە سەر شەقام.

هەندێک لە سەرچاوەکان باوکی ژنەکە تۆمەتبار دەکەن کە بە بیانوی پەیوەندی سۆزداری کچەکەی بە بەنزین سووتاندبێت، بەڵام خێزانی ئەو ژنە تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت خۆی سووتاندووە.

فائیزە مەلەکی لە درەنگانێکی شەوی شەممە، پاش ڕۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، بەهۆی سووتانی نزیکی 85٪ لە جەستەی گیانی لەدەستدا.

فائیزە مەلەکی
فائیزە مەلەکی

ئارمان سەید مورادی،کە پەیوەندی سۆزداری هەبووە لەگەڵ فائیزە ، باوکی ژنەکە بە ناوی حەبیبوڵا مەلەکی بەوە تۆمەتباردەکات کە بە بیانوی پاراستنی "نامووس" ئەوی سووتاندبێت.

ئارمان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە گومانی کەوتە سەر ئاسایشی فائیزە دوای ئەوەی باوکی چەند ڕۆژێک لە کادێنی ماڵەکەیان کچەکەی زیندانی کردووە و دواتر پەیوەندی نێوانیان کتوپڕ پچراوە. ئەو گوتی، " دوو ڕۆژ پێش سو,تانەکەی، دەمزانی شتێک پێش هاتووە چونکە دیار نەمابوو لە کاتێکدا پێشتر هەموو ڕۆژ پەیوەندیمان دەکرد."

بەڵام سەبیعە مەلەکی، پوری فائیزە، لە پەیوەندیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا جەختی کردەوە کە باوکەکە بێتاوانە و فائیزە لە دوای دەمەقاڵێ لەگەڵ یەکێک لە دوو خوشکەکانی و دواتر باوکی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

سەبیعە، کە خوشکی حەبیبوڵا مەلەکی یە، بە توندی تۆمەتەکانی دژ بە حەبیبوڵا ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند "ئەو بە شێوەیەک منداڵەکانی خۆشدەوێت کە ناتواندرێت وێنا بکرێت."

فائیزە دانیشتووی گوندی کوڕکوڕە لە نزیک سنە خاوەن دوو خوشک بوو وە دایکی پێشتر لە حەبیبوڵا جیابۆتەوە. بە گوێرەی سەبیعەی پوری، "حەبیبوڵا لە منداڵییەوە ئەو کچانەی بەخێوکردووە" و بە تۆمەتەکانی کوشتنی کچەکەی "زۆر خەمبارە"، وە ئەو ئامادەیە بۆ چونە بەردەم دادگا بۆ سەلماندنی بێتاوانی خۆی. سەبارەت بەوەی ئاخۆ هۆکاری دەمەقاڵێ لە نێوان فائیزە و باوکی لەسەر ڕێگری بووە لە هاوسەرگیری کچەکە لەگەڵ ئارمان سەید مورادی، سەبیعە هەبوونی هەر پەیوەندیەکی سۆزداری نێوانیانی ڕەتکردەوە و ئاماژەی دا کە فائیزە پێشتر بۆ ماوەی 5 ساڵ هاوسەری هەبووە و نزیکی مانگێکە لێی جیابۆتەوە.

پوری فائیزە ڕایگەیاند، "ئەو بیست ڕۆژە تەڵاقی وەرگرتووە و پێشتر شووی هەبووە. چی کەسێک دوای بیست ڕۆژ لە جیابوونەوە دەتوانێت پەیوەندی دروستکات؟"

"هاوسەرگیری بەزۆر"

بە گوێرەی ئارمان سەید مورادی و بەشێک لە چالاکوانانی ئاگادار لە سنە، فائیزە و ئارمان نزیکی هەشت ساڵ پەیوەندی سۆزداریان هەبووە بەڵام باوکی ژنەکە سوور بووە کە کچەکەی "بەزۆر" هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تردا بکات.

ئارمان ئاماژەیدا کە حەبیبوڵا پێشتر بەردەوام گوشاری بۆ فائیزە دەبرد بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە لای مێردەکەی. ئەو ڕایگەیاند، "باوکی بە تاوانبار دەزانم چونکە فائیزە ئەوەندە پڕ لە ژیان بوو کە هیچ کات بیری لە خۆکوشتن نەدەکردەوە لەو کاتە. پێشتر دەستی بۆ خۆکوژی بردووە بەڵام ئەو کاتە بوو کە مێردەکەی و باوکی زۆریان بۆ هێنا کە منداڵی ببێت."

دەنگۆی کوشتنی فائیزە لە ناو چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئەو کاتە پەرەی سەند کە ئیمان نەوابی، پزیشکێک لە نەخۆشخانەی کەوسەر، لە ژمارەی ئینستەگرامی خۆی گومانی خستە سەر هۆکاری سووتانی ئەو ژنە. پزیشکەکە دواتر بابەتەکەی لە ئینستەگرام ڕەشکردەوە.

چالاکوانان دەڵێن ڕەشکردنەوەی بابەتەکە لە ژێر فشاری دەستەڵاتدارانی ئێران بووە.

داواکاری گشتی سنە پێشتر هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی کرد دژ بە ئیمان نەوابی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی گومانی بێبنەما. محەممەد جەباری لە داواکاری گەشتیی سنە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای تۆمار نەکردووە بەڵام دەزگای داد "سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە ڕووداوەکە."

دوێنێ، کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا لە بەردەم دادگای شاری سنە بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکان. ئەوان کاربەدەستانی ئاسایش و دادوەری شارەکەیان بەوە تۆمەتبارد کرد کە خەمساردن لە بەدواداچون بۆ ڕووداوەکە.

ناڕەزایی خەڵکی شاری سنە لە بارەی مەرگی فائیزە مەلەکی
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:12 0:00

بە گوێرەی زانیاریـیەکان، پۆلیسی ئێران سەرەتا ویستی بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکات بە بیانوی نەبوونی مۆڵەت بەڵام دواتر ڕێگە دراوە بە سێ ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ژیڤانۆ کە بەرپرسانی یاسایی ببینن و داواکاریەکانیان پێشکەش بکەن.

ئەندامێکی ڕێکخراوی ژنانی ژیڤانۆ کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە کوشتنی ژنان بە بیانوی 'نامووس' لە ئێران هەڵچونێکی مەترسیداری بەخۆیەوە بینیوە. ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند کە تەنیا ئەم ساڵ لە کوردستانی ئێران بەلانی کەم 15 حاڵەتی کوشتنی ژن بەو تۆمەتە بە فەرمی تۆمارکراون و پێشبینی کرد کە ژمارەکە نافەرمیـیەکان زۆر زیاتربن.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، " بەداخەوە زۆربەی ژن کوژیەکان کە بە هۆی نامووسەوە بووە بە ناوی خۆسوتاندن و خۆکوشتن ڕادەگەیەندرێن و ئێمە ئامارێکی ڕەسمی وامان نییە."

توندوتیژی دژی ئافرەتان

لە هەرچوار هەرێمە کوردیـیەکان ساڵانە چەندین ژن ڕوبەڕوی توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە بە هۆکاری جیاواز، کە دیارترینیان بریتییە لە پاساوی "شەرەف."

بە گوێرەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە تورکیا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ لە ناوچە کوردیـیەکانی تورکیا 23 ژن کوژراون و 13 ژن کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و 20 ژنیش دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر. لە کوردستانی ئێران، بەپێی ئامارە نافەرمیـیەکان کە دەست ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا کەوتون، لە 8 ی مانگی سێی 2020 تا 8 ی مانگی سێی 2021 بەلانی کەم 25 حاڵەتی کوژرانی ژنان لەو هەرێمە ڕوویانداوە و لەم نێوانەدا 7 حاڵەت بە شێوەی دیاریکراو "قەتڵی نامووسی" بوون. بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەست کەناڵی ڕووداو کەوتون لە ڕێگەی سەنتەری مافی مرۆڤ لە جەزیرەی "ڕۆژئاوا"، تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 6 حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان و 6 کوشتنی بەمەبەست تۆمارکراون.

لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بە گوێرەی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، تەنیا لە 6 مانگی ئەم ساڵ 19 حاڵەتی کوشتنی ژنان، 43 خۆکوشتن، 40 خۆسوتاندن و 67 گێچەڵی سێکسی تۆمارکراون. کۆی گشتی سکاڵاکان لە هەرێمی کوردستان 5836 کەیس بووە.

ساریسا زەنگیبەند، چالاکوانێکی مافی مرۆڤ لە فینلەند، پێیوایە کە شارەزایان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ پێویستە هەوڵدەنچارەسەری بنەڕەتی بدۆزنەوە بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە ناو کۆمەڵگەی کوردی. ئەو پێیوایە گونجاوترین چارەسەر بریتییە لە گەڕانەوە بۆ "بیرکردنەوەی ژنانەی کوردانە" چونکە "تۆ ناتوانیت هەرشتێک کە لە ئەوروپا و ئەمەریکا سەری هەڵدا، بڵێی چونکە لە جیهانی یەکەمە بە کەڵکی منی کوردیش دێت. ئێمە دەبێت هەموو شتەکان بکوردێننین."

ساریسا زەنگیبەند
ساریسا زەنگیبەند

ساریسا ڕایگەیاند کە ژن لە کۆمەلگەی کوردی بە درێژایی مێژوو ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە. ئەو ڕایگەیاند، بۆ نمونە، " لە ناو شایی کوردی ئێمە ژن و پیاومان هەمیشە لە تەنیشت یەکەوە هەڵپەڕیون... ئەوە نیشاندەری ئەوەیە کە ئێمە یەکسانی خوازبووین. لە شایی و خەم و خەفەت ژن ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە لەناو ئەو کۆمەڵگایە. هۆکارەکانی چیـیە کە ئەو نەتەوەیە بەم هەموو جوانی و مێژووەی ئێستا بەو بارودۆخە گەیشتووە کە ژن کوژی لەناویدا ڕوودەدات؟"

بەبڕوای ئەو چالاکوانەی کوردستانی ئێران لە فینلەندا، لە هەمان کاتدا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن بە زیادکردنی فشارەکانیان بۆ سەر دەستەڵاتدارانی ئێران و "دەتوانن دەنگی ئەو کەسانە بن کە ناتوانن دەنگیان هەڵبڕن و بەبیانوی نامووس دەکوژرێن."

بەڵام ئەو چالاکوانە دەڵێت ئەگەرێکی دوورە کە ئەو ڕێکخراوانە بتوانن گۆڕانکاری ڕیشەیی دروستبکەن لە یاسای وڵاتەکە. ساریسا ڕایگەیاند، "هەر ئەوەی کە دەنگ هەڵدەبڕین بۆ ئەو کەسانەی کە دەکوژرێن دەتوانین کۆمەڵگا ئاگاداربکەینەوە لەسەر ئەو بارودۆخەی کە ئێستا کۆمەڵگەی تێدایە. ئەمە گرنگترین شتە کە ئێستا بتوانین بیکەین."

جێگەی ئاماژەیە کە سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە سنە بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایانگەیاند کە بەردەوام دەبن لە چالاکیەکانیان تا کاتی یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی فائیزە مەلەکی.

ئارمان سەبارەت بە فائیزە ڕایگەیاند، "ماوەی مانگێک بوو کە جیابوبۆوە زۆر خۆشحاڵ بوو، دەیگوت ئارمان دوو مانگمان ماوە کە بە یەکدی بگەین. پڕ لە هیوا و ئومێد بوو."

بەفراو نووری لە واشنتنەوە هاوکاری ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بوو.

XS
SM
MD
LG