Accessibility links

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان


لە کاتژمێر 7 ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی‌یەوە، دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەرانی تایبەتدا کرایەوە، کە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا، جگە لە هێزە ئەمنیە جۆراوجۆرەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاوارەکان و ژمارەیەک لە زیندانیانیش مافی دەنگدانیان هەیە.

لەدەنگدانی تایبەتدا، ئەو هێزانەی دەنگ دەدەن بریتین لە هێزەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێم، بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، هێزەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەو ئاوارانەی لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ناوەکانیان تۆمار کراوە، هەروەها زیندانیانی نێو گرتووخانەکانیش دەنگ دەدەن.

لەتەواوی عێراقدا، 1 ملیۆن و 75 هەزار و 722 کەس لە هێزە ئەمنیەکان و 120 هەزار و 126 کەسی ئاوارەش مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە 117 هەزار ئاوارەیان لەکەمپەکان دەمێننەوە، کە لە 28 کەمپدا نیشتەجێن و 26 کەمپیان لەهەرێمن، لەکاتێکدا 530 هەزار ئاوارەی دیکەش بەسەر شارەکاندا دابەشبوون و وەکو ئاوارە ناویان تۆمار نەکراوە.

محەمەد سەلمان کە ئاوارەیەکی خەڵکی جورف سەخربوو، بەدەنگی ئەمەریکای وت"مافی دەنگدان لە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە زەوتکراوە، بەو پێ یەی ناومان لە تۆماردا نەبوو، لەکاتێکدا لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، دەنگمانداوە."

لە سەرانسەری عێراقدا، 3 هەزار و 240 کەس خۆیان کاندید کردووە، لەچوارچێوەی 21 هاوپەیمانێتی و 109لیستی سەربە لایەنە سیاسیەکان و ژمارەیەکیشیان کاندیدی سەربەخۆن، کە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک لەو کاندیدە سەربەخۆیانە، دەنگی پێویست بۆ گەیشتنە پەرلەمان بەدەست بهێنن.

سابیر مەجید کە کارمەندێکی هێزە ئەمنیەکان بوو، دوای دەنگدانی و دەرچوونی لە بنکەیەکی دەنگدانی سنوری سلێمانی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دەنگم دا بەو کاندیدەی دڵخوازی خۆمە و هیچ فشارم لەسەر نەبوو."

هێزە ئەمنیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ناوەندەکانی دەنگدان دەپارێزن، کە ژمارەیەکی زۆر هێزی ئەمنی بۆ پاراستنی بنکەکانی دەنگدان، بەسەر ناوەندەکاندا دابەشکراون.

دەنگدانی تایبەت
دەنگدانی تایبەت

لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند"250 هەزار کارمەندی هێزە ئەمنیەکان لە ئەرکدان بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن."

ژمارەیەک چاودێر و ڕێکخراوی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیش، چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنی عێراق دەکەن، کە ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە پێشێلکاریەکانی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاو دەکاتەوە.

ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بانگەشەی هەڵبژاردن 3 مانگ لەهەرێمی کوردستان درێژەی هەبووە، یەکەمجارە کاتی بانگەشە هێندە درێژ بێت، بەڵام بانگەشەیەکی نەرم و نیان و کەمترین پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان کراوە."

سەبارەت بە پێشێلکاری لایەنەکان لەکاتی بانگەشەدا، ڕەحمان غەریب وتی"هەڕەشە و فشار هەبووە، بەڵام ژمارەی پێشێلکاریەکان بەراورد بەسەرجەم هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو زۆر کەمبووە."

ژمارەیەک لە دەنگدەرانی تایبەت، هەرچەندە ناویان لە بنکەکانی دەنگدان هەبوو، بەڵام ئامێرەکانی کۆمیسیۆن کارتەکانی نەدەخوێندنەوە، ئەمەش لەهەندێک بنکە گرفتی دروستکرد، بەو پێ یەی ئەو کارمەندانە ڕێگەی دەنگدانیان پێنەدرا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:16 0:00


XS
SM
MD
LG