Accessibility links

سالار مەحمود: خراپی ئەدای پەرلەمان خەڵکی لە هەڵبژاردن نائومێدکرد


ڕاوێژکارێکی پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، نائومێدبوونی خەڵک لە هەڵبژاردن، پەیوەندی بە خراپی ئەدای پەرلەمانەوە هەیە، کە نەیتوانیووە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵک بکات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سالار مەحمود دەڵێت "لە دوو هەڵبژاردنی ڕابردوودا، ڕێژەی بەشداری خەڵک زۆر کەمبووە، بەڵام هیچ یاسایەک نییە، گەر تەنانەت 20%ی خەڵکیش دەنگ بدات، ببێتە گرفت لەبەردەم هەڵبژاردنەکەدا."

جەختیشی کردەوە "مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق داوای بەشداری خەڵکی کرد، ڕەنگە ڕێژەی بەشداریکردن ناڵێم زۆر بێت، بەڵام ڕێژەیەک دەبێت پێچەوانەی بۆچوونەکان دەبێت بۆ بایکۆتی سەرتاسەری."

سالار مەحمود، هۆکاری نائومێدبوونی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خراپی ئەدای پەرلەمان دەگێڕێتەوە، دەڵێت"پەرلەمان نەیتوانی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵک بکات، نەیتوانی گۆڕانکاری لە سستمی حوکمڕانی بکات، بۆیە ئێستا قسەلەسەر گەڕانەوە بۆ مەرکەزیەت و دەستکاریکردنی سستمی پەرلەمانی دەکرێت."

ڕوونیشیکردەوە، پەرلەمانی عێراق بووەتە بار بەسەر بودجەوە، نەیتوانیووە چاکسازی بکات، پۆستە باڵاکان بە ملیۆنان دۆلار مامەڵەیان پێوەدەکرێت و پەرلەمان نەیتوانیووە لێپێچینەوە بکات، وتی"ئەمانە وایانکرد، خەڵک و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بێ هیوابن."

ڕاوێژکارەکەی پێشووی سەرۆکایەتی کۆمار پێیوایە، بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن خەڵکەوە، بەقازانجی هێزە گەورەکانە و دەرفەتی ساختەکاری زیاتر دەڕەخسێنێت، وتی"لەپێناو هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، باشترە خەڵک بەشداری بکات، دەنگ بەهەر لایەنێک دەدات گرنگ نییە، بەڵکو بەشداری گرنگە."

بەبڕوای سالار مەحمود، پێگەی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی عێراق بەرەو لاوازی دەڕوات، بەتایبەت زۆربەی کاندیدی لایەنە عێراقیەکان، دژایەتیکردنی هەرێم وەکو بانگەشە بەکاردەهێنن، وتی"لەهەر دەستبردنێک بۆ هەمواری دەستور، زەرەرمەندی سەرەکی هەرێم دەبێت، چونکە لایەنە عێراقیەکان پێیانوایە دەستور لەدەرەوەی ئیرادەی ئەوانە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سالار مەحمود ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، پێیوابوو پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ئەمجارەش بەیەکێتی دەدرێتەوە و سەرۆک کۆماری ئێستاش چانسی وەرگرتنەوەی پۆستەکەی زۆرە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:58 0:00


XS
SM
MD
LG