Accessibility links

بەپێی ڕاپۆرتێکی یو ئێن، تورکیا تێوەگلاوە لە تاوانەکانی جەنگ و دژە مرۆڤایەتی لە لیبیادا


وێنەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، سەر بە یو ئێن
وێنەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، سەر بە یو ئێن

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2016وە تاوانەکانی شەڕ و تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتی "بە چەکدارکردنی منداڵانیشەوە" لە لیبیا ڕوویانداوە.

لیژنەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە لیبیا، کە لەلایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە یو ئێن پێکهێنراوە، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دەڵێت " ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بگەنە ئەوروپا لە نێوەندەکانی دەستبەسەرکردندا ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە هەروەها لەلایەن قاچاغچییەکانیشەوە پێشێلکاری بەرامبەر کۆچبەرەکان دەکرێت، و دەستبەسەرکراوەکان لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ڕەوشێکی ناهەمواردان و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدانیش دەبنەوە."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەش بەوە کراوە "هۆکاری ماقوڵیش هەن بۆ بڕواکردن بەوەی تاوانی شەڕ لە لیبیا ئەنجامدراون، لە کاتێکدا دەکرێت ئەو توندوتیژیانەی لە زیندانەکاندا دەکرێن بەرامبەر بە کۆچبەران، بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی دابنرێن."

هەر لەو ڕاپۆرتەی ئەم لیژنەیەدا باسیش کراوە لە بە سەربازکردنی منداڵان و بەشداریپێکردنی ڕاستەوخۆیان لە شەڕەکاندا، هەروەها باسیش لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیی ژنان و کوشتنیش دەکات لە دەرەوەی یاسا.

ئەم لیژنەیە ئەو زانیارییەشی خستۆتە ڕوو، کە لە کۆتایی ساڵی 2019دا تورکیا کارئاسانی کردووە بۆ چەکدارکردنی منداڵانی تەمەن 15 بۆ 18 ساڵی سوریایی تا شانبەشانی هێزەکانی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی شەڕی لایەنەکانی تر بکەن لە لیبیادا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەش کراوە بە کاریگەرییەکانی ڕەوشی ئەو وڵاتەی باکوری ئافریکا لەسەر ئابوری لیبیا، هەروەها دەشڵێت "ئەم لیژنەیە توانیویەتی تاکە کەس و ڕێکخراوەکانیش "لیبیاییەکان و بیانییەکان" دەستنیشان بکات کە توندوتیژی و پێشێلکاری و تاوانەکانیان لە ئەستۆیە.

بەڵام دەشڵێت ئەو لیستی ناوانە بە نهێنی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی لەگەڵ میکانیزمی گونجاوی بەرپرسیارکردندا بڵاودەکرێتەوە.


XS
SM
MD
LG