Accessibility links

دەوڵەتی ئیسلامی، لقی ڕۆژئاوای ئافریکا هێرش دەکاتە سەر چەکدارە خۆبەدەستەوەداوەکانی بۆکۆ حەرام


.
.

جیهادییەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی ئیسلامی لە نایجیریا هێرشیان کردۆتە سەر ئەو ئۆردوگایەی باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە کە نەیارانی خۆبەدەستەوەداوی بۆکۆ حەرامی لێدانراون.

لەشکری نایجیریا لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا دەڵێت " ئەو هێرشە بۆسەر دامبوا لە هەرێمی بۆرنۆ پاش خۆبەدەستەوەدانی هەزاران میلیشیای بۆکۆ حەرام و کەسوکارەکانیان بووە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا."
دەوڵەتی ئیسلامی، لقی ڕۆژئاوای ئافریکا وەک هێزێکی باڵادەست دەرکەوتووە لەم قەیرانە 12 ساڵەیەی نایجیریادا، بەڵام لایەنەکانی بۆکۆ حەرام هێشتاش شەڕی دژی باڵادەستی دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن.

لەشکری نایجیریا دەڵێت هێزە سەربازییەکان توانیویانە بەرپەرچی هێرشەبەرەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بدەنەوە و پاشەکشەشیان پێبکەن. لە ڕاگەیەندراوەکەی لەشکردا هیچ زانیارییەک و وردەکارییەکی زیاتر باس نەکراون و هەروەها هیچ ئاماژەیەکیش نەکراوە بە زیانی گیانی، بەڵام دەڵێت "لقی ڕۆژئاوای ئافریکای دەوڵەتی ئیسلامی ئەم جۆرە تێرۆرە لەناو تێرۆریستاندا بەکاردەهێنێت تا تێرۆریستان بیر لە خۆبەدەستەوەدان نەکەنەوە."

دەوڵەتی ئیسلامی، لقی ڕۆژئاوای ئافریکا لە مانگی 5ی ڕابردووەوە لەناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا پێگەی خۆی هەروادێ و تۆکمەتر دەکات پاش ئەوەی ڕێبەری بۆکۆ حەرام لە هەمان مانگدا خۆی کوشت تا نەکەوێتە دەست ڕکابەرە جیهادیەکانیەوە.

جیهادییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی 2016دا لە بۆکۆ حەرام جیابوونەوە و بوونە ڕێکخراوێکی باڵادەستی جیهادی و بەردەوامیش هێرش دەکەنە سەر بنکە لەشکرییەکان و بۆسە بۆ سەربازەکانی نایجیریا دادەنێن.

ئەم دوو لایەنە جیهادییەش بوونەتە دوژمنی سەرسەختی یەکتر و بە گشتیششەڕەکانیان لەسەر دەسەڵاتە.

لەوەتای ساڵی 2009 و دەستپێکردنی قەیرانی نایجیریا، زیاتر لە 40 هەزار کەس کوژراون و 2 ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون.

ئەم قەیرانە خوێناویە، پەرەیشی سەندووە بۆ وڵاتەکانی هاوسنوری نایجیریا، لەوانە نەیجەر و چاد و کامیرۆن.

XS
SM
MD
LG