Accessibility links

پادشای ئوردون و سەرۆکی سوریا لە پاش 10 ساڵ یەکەم پەیوەندی تەلەفونی دەکەن


پادشای ئوردون پەیوندییەکی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆکی سوریادا دەکات و ئەمەش یەکەمین وتووێژە بکرێت لەوەتای 10 ساڵ لەمەوبەرەوە کە قەیرانی سوریا دەستیپێکردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی پادشایەتی ئوردوندا هاتووە "شا عەبدوڵای دووهەم و بەشار ئەلئەسەد، سەرۆکی سوریا، باسیان لە پەیوەندی دوو لایەنە و هەروەهاش چۆنیەتی تۆکمە کردنی هاوکارییەکانی نێوانیان کردووە."

هەر لەو ڕاگەیەندراوەشدا هاتووە " لەو پەیوەندیە تەلەفونیەدا، شا عەبدوڵا جەختی لە پشتیوانی هەوڵەکان کردۆتەوە بۆ پاراستنی سەرەوەری و یەکپارچەیی و سەقامگیریی سوریا."

لە هەردوو ڕاگەیەندراوی کۆشکی کۆماریی سوریا و کۆشکی پادشایەتی ئوردوندا باس لە هیچ وردەکارییەکی ئەم پەیوەندییە تەلەفونییەی ئەمڕۆ یەکشەممەی نێوان شا عەبدوڵا و ئەسەد نەکراوە، بەڵام وەک دواترین ئاماژەش لێی دەڕوانرێت بۆ گەرمبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عەمان و دیمەشق.

ئەم پەرەسەندنەش دوابەدوای چەند ڕۆژێکە لە بڕیاری شانشینی ئوردون بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی بنکەیەکی سەرەکی سنور لەگەڵ سوریای دراوسێیدا. نزیکەی 2 مانگ لەمەوبەر عەمان بڕیاری داخستنی ئەو بنکە سنورییەی دابوو بەهۆی هەڵایسانی شەڕەوە لە نێوان سەرهەڵداوان و هێزەکانی سەر بە حکومەتەکەی بەشار ئەلئەسەد، لە باشوری سوریا.

عەلی ئەیوب، وەزیری بەرگری سوریا، لە مانگی 9ی ڕابردوودا سەردانی شانشینی ئوردنی کرد و ئەمەش بە یەکەم سەردانی گەورە کاربەدەستێکی سوریایی دادەنرێت بۆ عەمان لە چەند ساڵی ڕابردوودا و سەرچاوە فەرمییەکانیش ئاماژەیان بەوە دەکرد، ئەو سەردانە بۆ وتووێژکردن بووە لەسەر ڕەوشی ئاسایشی سنوری نێوان هەردوو وڵات و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچییەکانی سنور.

هەردوو وەزیری دەرەوەی سوریا و ئوردونیش، هەر لە مانگی ڕابردوودا لە شاری نیویۆرک کۆبوونەوە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

پادشای ئوردون و ڕێبەرانی عێراق و هەروەهاش عەبدولفەتاح ئەلسیسی، سەرۆکی میسر لە مانگی 6ی ڕابردوودا لە بەغدا کۆبوونەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر "چارەسەری سیاسیانە" بۆ ڕەوشی سوریا و هەروەهاش بۆ تاووتوێکردنی دۆسێکانی تری ناوچەکە.

قەیرانی سوریا بۆتە مایەی کوژرانی نزیکەی 500 هەزار کەس و ئاوارەبوونی بە ملیۆنان هاوڵاتی سوریایی.

شانشینی ئوردن نزیکەی 650 هەزار ئاوارەی سوریایی لە خۆ گرتووە کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناویان تۆمار کراوە، بەڵام عەمان دەڵێت زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری سوریایی لە شانشینی ئوردونن.

XS
SM
MD
LG