Accessibility links

لە هەڵمەتێکی سەرکوتکاری لە لیبیا چوار هەزار کەس دەستگیر دەکرێن


کاربەدەستان دەڵێن سەرکوتکردنێکی گەورە لە ڕۆژئاوای لیبیا بووەتە هۆی دەستگیرکردنی 4 هەزار کۆچبەر، لەناویاندا سەدان ژن و منداڵیش. ئەو هەڵمەتە ڕۆژی هەینی لە شارۆچکەی گارگارێشی ڕۆژئاوای وڵاتەکە ڕوویدا وەکو بەشێک لە هەڵمەتێکی کە کاربەدەستان بە هەڵمەتی ئاسایشی دژ بە کۆچبەری نایاسایی و قاچاخچێتی بەنگ و موخەدەرات لەقەڵەمیان داوە.

وەزارەتی ناوخۆ، کە ڕێبەرایەتی سەرکوتکردنەکەی کردووە، هیچ ئاماژەی بەوە نەکردووە چ قاچاخچییەک دەستگیرکراوە.

کاربەدەستان ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند 500 پەنابەری نایاسایی دەستگیر کراون، بەڵام ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە 4 هەزار کەس.

گارگارێشکە ناوەندێکی ناسراوی کۆچبەران و پەنابەرانە نزیکەی 12 کیلۆمەتر دوورە لە ڕۆژئاوای تەرابلوسی پایتەختی لیبیاوە.

لەو شارۆچکەیەدا چەندین شەپۆلی هەڵکوتانە سەر کۆچبەران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ڕوویداوە، بەڵام نوێترینیان لەلایەن چالاکوانانەوە بە توندترینیان وەسف کراوە.

لەوەتای سەرهەڵدانی ساڵی 2011 بە پشتیوانی هێزەکانی ناتۆو کوشتنی دیکتاتۆری لەمێژینە موعەمەر قەزەفای، لیبیا بووە بە خاڵێکی بەرچاوی گواستنەوەی ئەو کۆچبەرانەی بەهۆی شەڕو هەژاری لە ئەفریکاوە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە پێناو ژیانێکی باشتر هەڵدێن بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

بازرگانانی مرۆڤیش سودیان لەم ئاژاوەو بێسەروبەرییە وەرگرتووە لەو وڵاتە دەوڵەمەند بە نەوتەدا و خەڵکی بە قاچاغ دەبەن بۆ سنووری فراوانەکەی ئەو وڵاتە لەگەڵ شەش وڵاتانی جیهاندا.

XS
SM
MD
LG