Accessibility links

کاندیدێکی مەسیحی: لایەنەکان هەریەکە و دەیانەوێت کورسی کۆتای مەسیحیەکان بۆ خۆیان ببەن


لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا، 5 کورسی کۆتا بۆ مەسیحیەکان دانراوە، کورسیەک لە بەغدا، هەروەها پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، کەرکوک و موسڵیش سەر و کورسیان بۆ دانراوە، بەم پێیە عێراق بۆ کورسی کۆتای مەسیحیەکان یەک بازنەیە و ئەوانەشی مەسیحی نین، دەتوانن دەنگ بە کاندیدە مەسیحیەکان بدەن.

ئەوەی گرفتی بۆ کاندیدە مەسیحیەکان دروستکردووە، دەستوەردانی حیزبە گەورەکان و پشتگیری کردنی کاندیدەکانە، بەشێوەیەک هەر لایەنە و دەیەوێت ئەو کاندیدە مەسیحیە سەربخات، کە نزیکە لە خۆیەوە، ڕەنگە هەندێک لەو لایەنانە، لایەنگرانی خۆیان هاندەن، تا دەنگ بە کاندیدە مەسیحیە نزیکەکان لە خۆیان بدەن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فاروق حەنا عتو کە یەکێکە لەو 7 کاندیدە مەسیحیەی ڕکابەری لەسەر کورسیە کۆتاکەی هەولێر دەکات، بەدەنگی ئەمەریکای وت "من کاندیدێکی سەربەخۆ و چەپم، بۆیە برادەرانی حیزبی شیوعی پشتگیریم دەکەن، چونکە بەرنامەکەمان لەیەکتریەوە نزیکە."

وتیشی"کاندیدێکی ترمان نزیکە لە پارتیەوە، یەکێکی تریش لە یەکێتی، کاندیدیشمان هەیە کلدانەکانی ناو حەشدی شەعبی پشتگیری دەکات."

فاروق حەنا عتو، نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی لایەنەکان شەڕیانە لەسەر کورسی کۆتا و هەریەکە و دەیەوێت کاندیدی نزیک لەخۆی سەربخات، وتی"گرفتەکە ئەوەیە مەسیحی و غەیرە مەسیحی دەتوانێت دەنگ بۆ کورسی کۆتا بدات لەسەرانسەری عێراق، بۆیە لایەنەکان هەریەکە و دەیەوێت کورسی کۆتا بۆ خۆی ببات و شەڕی لەسەر دەکات، ئەمەش نیگەرانی لای مەسیحیەکان دروستکردووە."

بەبڕوای حەنا عتو، دەبووایە ڕۆژی هەڵبژاردنی مەسیحیەکان جیاواز بایە و تۆماری دەنگدانی تایبەت بەخۆیان هەبایە، تەنها مەسیحی مافی دەنگدانی بۆ کاندیدی مەسیحی هەبایە، وتی"دەنگدانی دەنگدەری غەیرە مەسیحی بە کاندیدە مەسیحیەکان گرفتی بۆ دروستکردووین، وایکردووە مەسیحی نەتوانێت نوێنەرای ڕاستەقینەی خۆی هەڵبژێرێت و لایەنەکان دەیانەوێت کورسیە کۆتاکان ببەن."

دەستوەردانی لایەنەکان لەکورسی کۆتای مەسیحیەکان گرفتی گەورەی دروستکردووە، بەو پێ یەی هەندێک لە مەسیحیەکان لەوە دەترسن، کاندیدە دەرچووەکان نوێنەرایەتی حیزبە پاڵپشتکارەکانیان بکەن، نەک ئەوان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:24 0:00


XS
SM
MD
LG