Accessibility links

ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور داوای ئازاد کردنی دەستبەجێی پێج ڕۆژنامەوان لە هەرێمی کوردستان دەکات


ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور و سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەوانان، لە ڕاپۆرتێکیاندا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو پێنج ڕۆژنامەوانە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون و سیان لەوانە مانیان لە خواردن گرتووە بەهۆی بارودۆخی خراپیان لە زینداندا.ئەو سێ ڕۆژنامەوان و چالاکوانەی کە مانیان گرتووە بریتین لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم و گۆهدار زێباری. بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی کە ڕۆژنامەوانانی بێسنووربڵاوی کردووەتەوە ئەوان لە 6 ی مانگی نۆوە مانیان لە خواردن گرتووە.

ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور لە ڕاپۆتەکەیدا دەڵێت " پاش چەندین ڕۆژ بەبێ نانخواردن، نیگەرانییەکان زیادیان کردووە لەسەر ڕەوشی ئەو گیراوانە، لە ناویاندا کەرەمیش."

بە پێی میدیا ناوخۆییەکان ئەو چارەسەری پزیشکی گونجاوی بۆ نەکراوە پاش ئەوەی کە لە هۆش خۆی چووبوو.

ئەم سێ ڕۆژنامەنووسە لە مانگی دوو بە تۆمەتی سیخوڕیکردن سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا. یەكێک لە سزادراوەکان شێروان شێروانی لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو "بە زەبری ئەشکەنجە" دانی بە تاوانەکەدا ناوە.

لە هەفتی ڕابردوو دادگای دهۆک سزای 1 ساڵی زیندانیکردنی لە دوو دۆسێدا بەسەر ڕۆژنامەوان چوارهەمی دەسگیرکراو ئومێد بەڕۆشکی‌ سەپاند و دۆسێی سێهەمیش دواخرا .

لەم بارەیەوە ڕێکخراوی پاراستنی رۆژنامەوانان CPJڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوەو تیایدا داوا لە دەسەڵاتداران دەکات تۆمەتەکان لە دژی هەڵگرن و کۆتایی بە هەراسانکردنی ڕۆژنامەوانان بهێنن.

نوێنەری CPJ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا ئیگناسیۆ مێگێل دێلگادۆ دەڵێت " سزاکەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ ئومێد بەڕۆشکی بۆ ساڵێکی زیاتر لە زیندان دەریدەخات کە دەسەڵاتدارانی کورد لە باکوری عێراق لە هەوڵێکدان بۆ تێکشکاندنی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمەکە و بێدەنگکردنی هەر دەنگێکی ڕەخنەگر لە هێڵی حکومەت." ئەو گوتیشی پێویستە دەسەڵاتداران بە زووترین کات بەڕۆشکی ئازاد بکەن و سزاکانی کە لە دژین پوچەڵ بکەنەوە دەستهەڵگرن لە هەراسانکردنی میدیا.

قارەمان شوکری پەیامنێری ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆژ یەکێکی ترە لەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانەی پارێزگای دهۆک کە دەستگیرکراوە بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور ئەو لە مانگی 1 پاش ڕەخنە گرتن لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەستگرکرا. ئەو لە مانگی شەش سزای 7 ساڵ زیندانی کردن درا بەبێ ئەوەی تاوانێکی ڕوون لە دژی ئاشکرا ببێت. ئەو کوڕی شوکری زەینەدینی ڕۆژنامەوانی کەناڵی تەلەفیزیۆنی KNNە کە لە مانگی 12 ی ساڵی 2016 کوژرا.

سەبرینا بەنویی سەرۆکی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی رۆژنامەوانانی بێسنوور دەڵێت " ئێمە داوا لە دەسەڵاتدارانی کوردستان دەکەین هەموئەو ڕۆژنامەنوسە دەستگیرکراوانە بە زووترین کات ئازاد بکات."

ئەو دەشڵێت " ئەم پەیامنێرانە بە تۆمەتی هەڵبەستراو تاوانبارکراون و لە ژێر ئەشکەنجەدا دانپیانانیان لێوەرگیراوە. لە ئێستادا سیان لەوانە دەستیان بە مانگرتنێکی مەترسیدار کردووە."

لە وەڵامی پەیامەکەی ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێسنووردا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت " سزادانەکەیان هیچ پەیوەندییەکی نەبووە بە کاری ڕۆژنامەوانی ئەو دەستگیرکراوانە." حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیە لە بڕیارەکانی. دیندار زێباری لێپرسراوی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە میانەی وتووێژێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکای لە کاتی پرۆسەی دادگاییکردنەکانی ئەم ڕۆژنامەوانانە ڕاگەیاند " گرتنی هاوڵاتیەک یان خەڵکێک لە هەرێمی کوردستان ئەمە بڕیاری حکومەتی هەرێم یان بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم نییە ئەمە بڕیارێکە ئەگەر ئەو کەسە تاوان یان سەرپێچیەکی کردبێت دادگاکانی هەرێمی کوردستان کە لە چوارچێوەی دەستوردا بەشێکن لە دەسەڵاتی دادوەری و دادوەرە بەڕێزەکان بڕیاری خۆیان دەدەن کە چ جۆرە یاسایەک بەسەریاندا بسەپێنن و ئەو کەسەشی کە سزا دەدرێت چ جۆرە سزایەکی دەبێت ".

XS
SM
MD
LG