Accessibility links

WHO: کارمەندانی فریاگوزاری ئیبۆلا گوایە لە کۆنگۆ دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر ژنان


لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەریخستووە گوایە دەیان ژن لەلایەن کارمەندانی نێونەتەوەیی و ئەو کەسانەی لە ناوخۆوە وەرگیراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئیبۆلا لە ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، دەستدرێژی سێکسیان ئەنجام داوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کۆمسیۆنێکی پێنج ئەندامی سەربەخۆی لە مانگی 10 ی ساڵی 2020 دەستنیشان کرد بۆ لێکۆڵێنەوەکان لەسەر دەنگۆکانی هەراسانی سێکسی لە لایەن کارمەندەکانی لە هەرێمەکانی ئیتوری و باکور و باشوری کیڤوی کۆنگۆ.

کاربەدەستە باڵاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەو ئەنجامانەی کە لە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرانەوە بە مەترسیدار و دڵتەزێن ناودێر دەکەن.

کۆمسیۆنەکە دەڵێت زیاتر لە 80 حاڵەتی گوایە دەستدرێژی سێکسی لە کاتی ئەو پەتایە لە نێوان مانگی 8 ی ساڵی 2018 بۆ مانگی 6 ی ساڵی 2020 ڕوویداوە. زۆربەی قوربانییەکانیش ژنانی نەخوێندەواری تەمەن 13 بۆ 43 ساڵان بوون.

مالیک کۆلیبالی ئەندامی لیژنەکە ڕایگەیاند زۆربەی ئەو ژنانەی کە گەواهییان داوە دەڵێن ئەوان فشاریان بۆ براوە کاری سێکسی ئەنجام بدەن لە پێناو بەڵێنی بەدەستهێنانی کار. ئەو وتی هەندێک لە بەکارهێنانی سێکسی لە ڕێگەی تۆڕێکەوە ڕێکخراوە کە لە سەرانسەری لقە ناوخۆییەکانەوە کاری کردووە بۆ وەرگرتنی خەڵکی بۆ کارکردن لەسەر بەرپەرچدانەوەی ئیبۆلا.

کۆلیبالی دەشڵێت " زۆربەی قوربانییەکان ئەو کارانەیان بە دەستنەکەوتووە کە بەڵێنیان پێدرابوو و لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنانە ئامادە بووبوون بۆ پەیوەندی سێکسی."

ئەو ژنانەی کە وتووێژیان لەگەڵ کراوە گوتویانە هیچ کام لە ئەنجامدەران بەرگریکردنیان لە دووگیانبوون بەکارنەهێناوە و هەندێکیان کە دووگیانبوون گوتویانە ئەو پیاوانەی کە بەکاریانهێناون فشاریان بۆ بردوون منداڵەکانیان لەبارببەن.

لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە 21 لەو 83 کەسەی گوایە ئەنجامدەری ئەم کارانە بوون کارمەندی WHO بوون، هەندێکیان خەڵکی کۆنگۆ و هەندێکیش بیانی. تۆمەتبارەکانی تریش گوایە کارمەندی گرێ بەستی وەکو شوفێر و کارمەندی ئاسایش بوون.

بەڕێوەبەری گشتی WHO تێدرۆس ئادهانۆم گەبریسیوس بەڵگەکانی لێکۆڵینەوەکەی بە ترسناک وەسف کرد.

ئەو گوتی " ئەرکی سەرەکی من ئەوەیە کە دڵنیا بین لەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە بەرپرسیار بکرێن و من بەرپرسیارێتی کەسیی هەڵدەگرم بۆ ئەنجامدانی هەر گۆڕانکاریەک کە پێویستە بیکەین بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارە بوونەوەیئەم ڕووداوە لە داهاتوودا."

ئەو گوتیشی کارمەندەکانی WHOلە کارەکانیان دەرکراون و دەخەرێنە بەردەم دەسەڵاتدارانی نیشتیمانی لە کۆنگۆ بۆ لێکۆڵێنەوە کردن و دادگایی کردنیان.

XS
SM
MD
LG