Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسای 1 ملیار دۆلاری پەسەند دەکات بۆ یارمەتیدانی سیستەمی دژە مووشەکی ئیسرائیل


ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە، 23ی ئەم مانگە بە زۆرینەی دەنگ، پڕۆژە یاسای یارمەتی 1 ملیار دۆلاری بۆ سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی ئیسرائیل پەسەند کرد.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسلە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت نوێنەرانی دیموکرات بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە، ویستویانە بە شێوەیەک لە شێوەکان وەڵامی ئەو رەخنانەی کۆمارییەکان بدەنەوە کە پێیان وایە دیموکراتەکان پشتیوانی ئیسرائیل ناکەن.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئێوارەی پێنجشەممە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، بێنی گانتز پەیامی پشتیوانی بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدنی بۆ بەهێزکردنی سیستەمی دژە مووشەکی ئیسرائیل راگەیاند.

دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرەتادا بەنیازبوون لەگەڵ پرۆژە یاسای بۆدجەی حکومەتدا پێداچوونەوە بە پرۆژە یاسای یارمەتییەکەش بکەن، بەڵام دوای دژایەتیکردنی هەندێک لە نوێنەرانی کۆمسیۆن، بڕیارەکە هەڵوەشایەوە و سەرکردایەتی حیزبی دیموکرات بڕیاری دا بە جیا دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای یارمەتی بۆ سیستەمی دژە مووشەکی ئیسرائیل بدرێت.

پرۆژە یاساکە لە کۆتاییدا بە 420 دەنگی ئەرینی لە بەرامبەر 9 دەنگی نەرینیدا پەسەند کرا و بۆ پەسەندکردنی کۆتاییش ڕەوانەی ئەنجومەنی سینات دەکریت.

ڕۆزا دیلارۆ، سەرۆکی لیژنەی تەرخانکردنی بۆدجەی ئەنجومەنی نوێنەران لە حیزنی دیموکراتی گوتی "تێپەڕاندنی ئەم پرۆژە یاسایە پیشاندەری ئەوەیە کە پشتیوانی و پابەندبوونی کۆنگرێس بە هاوڕێ و هاوپەیمانمان ئیسرائیل، لە دەرەوەی حزبایەتییە."

ئەمەریکا لە دە ساڵ پێش ئێستاوە دەستی کردوە بە پشتیوانی دارایی لە سیستەمی بەرگری مووشەکی ئیسرائیل و تاکو ئیستاش 1.6 ملیار دۆلاری بۆ بنیاتنان و پاراستنی ئەو سیستەمە تەرخان کردووە.

سیستەمی بەرگری مووشەکی ئیسرائیل بۆ ڕێگەگرتن و پوچەڵکردنەوەی ئەو موشەکە مەودا کورتانە دروستکراوە کە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل.

XS
SM
MD
LG