Accessibility links

بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی تۆبزاوای هەولێر خۆپیشاندان لە دژی کەمی خزمەتگوزارییەکان ئەنجام دەدەن


لە هەولێر دژی کەمی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکی تۆبزاوای ئەحمەدی ژمارەیەک لە هاوڵاتی و دانیشتووانی ئەو گەڕەکە خوپێشاندانیان ئەنجامدا و داوایان لە کاربەدەستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە کێشە و گرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکرێن لەوانەدا قیرتاوکردنی ڕێگاو بانەکان، گەورەکردنی قوتابخانەکەیان، دروستکردنی نەخۆشخانەیەک و چەند خزمەتگوزاریەکی تر. دەنگی ئەمەریکا داواکاری ئەو خەڵکەی گەیاندە کاربەدەستانی شارەکە و ئەوانیش ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە داواکاری ئەو خەڵکە دەخەنە نێو پلان و بەرنامەی خۆیان و لەم نزیکانە کە بودجەی تایبەت بەردەست دەبێت دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

شیرین دانیشتوویەکی گەڕەکی توبزاوایە بە دەنگی ئەمەریکای وت" کێشەی ئێمە ئەوەیە داوای شەقام و ڕێگاوبانەکان دەکەین کە نیمانە، قوتابخانەی ئێمە بچووکە نەوەت قوتابی لە یەک پۆلدان و جوگەی پێش قوتابخانەش یەک مەترە دەبێت دوو جار منداڵەکانمان بگۆڕین، هیچ خزمەتگوزاریمان نیە و حکومەتیش هێشتا نەهاتووەتە سەر خەت کوا لە کوێ یە؟ نازانین ئەو گەڕەکەی ئێمە گوندە یان شارە پاشکۆی گەڕەکی ژیانە ناوی لێنراوە تۆبزاوای ئەحمەدی، هەموو ساڵێک حکومەت دێت هەندێک تێکەڵە دەهێنێت و تەواو، ئێمە دەمانەوێ قیر و مەزرامان بۆ بێنن".

وەیسی سەعید وەیسی ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی عێراق لەبارەی کێشە و گرفت و داواکاریەکانی خەڵکی تۆبزاوا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان بۆ خەڵکی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" پێویستە لە ڕێگەی نوێنەرەکانی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان دانیشتووانی هەر سنورێک داواکاریەکی خۆیان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکەن و لەوێشەوە بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکرێت".

هەر سەبارەت بە داواکاری ئەو خەڵکە ناڕازیە، دانیشتوویەکی تری گەڕەکی تۆبزاوا بەناوی خەدیجە ڕۆستەم بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" تا شتێکمان بۆ نەکەن ئێمە لەسەر ئەو شەقامە هەر بەردەوام دەبین تا یەک هەفتەی تریش، داواکاریمان ئەوەیە یەکێک بێتە سەر خەت و چارەسەر بکات وەکو قیرتاوکردنی ڕێگاو و گەورەکردنی قوتابخانەکەمان و نەخۆشخانەیەکیشمان بۆ دروست بکەن، چەند ساڵە حکومەت هەر دەڵێت خزمەتگوزاری دێت و هەر نەهات".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کورستانی عێراق دەشڵێت" حکومەت دەستی بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری کردووە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکاندا و زۆر شوێنێش پێویستی بەوەیە کە دەستی خزمەتگوزاری بگات و بەهەموو شێوەیەکیش لەسەر خەت دەبین کە داواکاری و خواستی خەڵک بگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامە و کاری لەسەر بکرێت".

ئەوەی کە خەڵکی تۆبزاوا لە ڕێگەی ئەو ناڕەزایەتیەوە داوای دەکرد جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان بووە، سنار عەبدولرەزاق ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت" وەکو چارەسەرکردن ئێمە هەوڵی خۆمانی بۆ دەدەین و ئەو کێشانە دەگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار و پشتگیریشیان دەکەین وەکو ئەنجومەنی پارێزگا و شەخسی خۆیشم بەڵام ئیتر تا چەند جێبەجێ دەکرێت ئەوە دەکەوێتە سەر پارێزگا و لایەنە جێبەجێکارەکان ئەگەر جێبەجێ بکەن ئەوە ئیشی ئەوانە و نازانین جێبەجێی دەکەن یان نا".

سەبارەت بە داواکاریەکانی ئەو خەڵکە ناڕازیەی گەڕەکی تۆبزاوا دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرەوە کرد ناوبراو گووتی" لە کۆبوونەوەم" .

سەبارەت بە وەرگرتنی ڕای کاربەدەستێکی پارێزگای هەولێر بۆ چۆنیەتی هەوڵدان و ئاگاداربوون لە ڕەوش و داواکاری خەڵکی تۆبزاوا، ئەندازیار مەسعود محەمەد کاڕەش جێگری پارێزگاری هەولێر بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" دەخەینە پلان و بەرنامەی خۆمان و ئەوەی لە ژێر دەستمان بێت حەتمەن بۆیان چارەسەر دەکەین و هەموو ئیشێک دەبێت بکەوێتە پلان و ئامادەکاریشی بۆ بکرێت و بۆدجەی تایبەتیشی بۆ دابنرێت و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، تۆبزاوای ئەحمەدی لە پلان و بەرنامەی پارێزگای هەولێردایە هیوادارین بەم نزیکانە کە بودجەی تایبەت بەردەست دەبێت پڕۆژە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەموو پارێزگای هەولێر پێویستی بە خزمەتگوزاری هەیە و تۆبزاوای ئەحمەدیش یەکێکە لەو گەڕەکانە".

جێی باسە لە ماوەکانی ڕابردوودا هاوڵاتیانی چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر دژی کەمی خزمەتگوزاری خۆپێشاندانیان کرد و داوای جێبەجێکردنی داواکاریەکان و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان دەکرد و کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش باسی ئەوەیان دەکرد کە هەموو هەوڵێک دەدەن کێشە و گرفتەکانی هاوڵاتیان چارەسەر بکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:03 0:00


XS
SM
MD
LG