Accessibility links

جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی: ئەو کەسەی تەقەی لە کادیرەکەی پەکەکە کردووە، 6 کامیراو دەیان ڤیدیۆی دەست دەزگا ئەمنیەکان کەوتووە


جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کە بە هێزێکی نزیک لە پەکەکە هەژمارد دەکرێت ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی لە ڕۆژی 17 ی ئەم مانگە، لەگەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی، بەرپرسی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکەیان کوشتووە، وێنە و ڤیدیۆیان دەست دەزگا ئەمنیەکان کەوتووە و لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا، ڕوومەتیان هەڵنەپێچاوە.

ڕۆژی 17 ی ئەم مانگە، لەگەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی، شوکری سەرحەد بەرپرسی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە کوژرا، دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان، کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی دەستگیرکردووە، بەڵام میدیاکانی نزیک لەپەکەکە دەڵێن، 4 کەس تاوانەکەیان ئەنجامداوە، نەک یەک کەس.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، تارا حسێن جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، دەڵێت"بەرپرسانی پەکەکە ڕایانگەیاندووە، شوکری سەرحەد ماوەی 15 ساڵە لە هەرێمە و کاری بۆ بنەماڵەی شەهیدان کردووە، چونکە پەکەکە لە هەرچوار پارچەی کوردستان شەهیدی هەیە."

جەختیشیکردەوە "ئیشی شوکری سەرحەد ئەنجامدانی کاری مەدەنی بووە، هیچ چالاکیەکی سەربازی نەبووە، ئەو تەمەنی نزیکەی 70 ساڵ بووە و هیچی لەخۆی شک نەبردووە، بۆیە لەسلێمانی دا بەسادەیی سوڕاوەتەوە."

دوای کوژرانی کادیرەکەی پەکەکە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە دەزگا ئەمنیەکان کرد، بەزووترین کات، تاوانباران دەستگیربکەن و ڕاپێچی دادگایان بکەن.

بەچەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیەنراوەکەی قوباد تاڵەبانی، دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی ، وێنەی دەستگیرکراوێکی نیشتەجێی پارێزگاکەیان بڵاو کردەوە، گوایە تۆمەتبارە بەکوشتنی شوکری سەرحەد، بەڵام میدیاکانی نزیک لەپەکەکە گومانیان خستە سەر تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکە، بەوەی بکوژی ڕاستەقینە بێت.

جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، لەبارەی دەستگیرکراوەکەوە، وتی"هێشتا بەفەرمی دان پێدانانی دەستگیرکراوەکە بڵاو نەکراوەتەوە، تا نەیبینین، ناتوانین بڕیار بدەین، بەڵام شەش کامیراو دەیان ڤیدیۆی بکوژەکە لەبەردەست هێزە ئەمنیەکاندایە."

وتیشی"بکوژەکە، بێ دەمامک و بێ چاویلکە و بێ شاردنەوەی ڕووخساری، تاوانەکەی ئەنجامداوە، پێشتر سوڕاوەتەوە و لەفە و چای خواردووە، کاتێکیش تاوانەکەی ئەنجامداوە، بە ئاشکرا ڕوومەتی دەرکەوتووە، بۆیە گەر وێنەی دەستگیرکراوەکە جێی گومان بێت، دەکرێت لەگەڵ ڤیدیۆکاندا بەراورد بکرێن، تا هاوڵاتیان دڵنیابنەوە لەوەی دەستگیرکراوەکە، بکوژی ڕاستەقینەیە."

بەپێی وتەی تارا حسێن، ئەو کەسانەی هەستاون بە "تیرۆرکردنی" شوکری سەرحەد، ژمارەیان چوار کەس بووە، یەکێکیان تەقەی لێکردووە، ئەوانیتر شۆفێر و چاودێریکار بوون، کە ئۆتۆمبێلێکی پیکاب دەبڵیان پێبووە.

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، تارا حسێن جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، بە ئەرکی هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستانی زانی، زانیاری ورد لەبارەی چۆنیەتی "تیرۆر"کردنی کادیرەکەی پەکەکە و وردەکاری ڕووداوەکەوە بخەنەڕوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:37 0:00


XS
SM
MD
LG