Accessibility links

تورکیا چەند پەنابەری کوردی ئێران ڕادەستی سوریا دەکات


بە پێی هەواڵێک کە لە توڕی ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە تۆڕی مافی مرۆڤی کودستان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویان کردوەتەوە، لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی ڕابردوو، 9 پەنابەری کوردی ئێران لەگەڵ 57 پەنابەری دیکەی هەرێمی کوردستان لە دەوروبەری شاری ئەستەنبوڵ لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکراون و پاش چەند ڕۆژێک لە دەستبەرسەربوونیان، تورکیا دیپۆرتی باکوری سوریای کردوون.

دەماوەند پاک سرشت، موبین وڵەدبەیگی، ئەفشار ڕۆستەمی، بەهمەن شادرەوان، مەسعود حەیدەری، سەعید ئەحمەدی، فردین دەروێش پور، هیدایەت ڕوخزادی و ئارمان ڕەشیدی حسێن ئەو 9 کوردە پەنابەرن کە دەوترێت لەو کاتەی هەوڵیان داوە لە ڕێگای دارستانێکی نزیک ئەستەنبوڵەوە بچنە ئیتالیا، لەلایەن پولیسەوە دەستبەسەرکراون.

ئەو کەسەی کە بڕیار بووە پەنابەرەکان لە تورکیاوە بگوازێتەوە بۆ وڵاتی ئیتالیا لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکای بەشی فارسی دەڵێت هەر9 پەنابەرەکە گوازراونەتەوە بۆ کەمپێک لە شاری عەزاز-ی سوریا و دراونەتە دەستی هێزەکانی سوپای ئازادی سوریا کە نزیکن لە حکومەتی تورکیا.

ناوبراو دەشڵێت پەنابەرە عێراقیەکان کە ژمارەیان 54 کەس بووە، بە یارمەتی حکومەتی هەریمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئازاد کراون و گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.

موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە یەکێک لەو کەسانە بووە کە هەوڵی ئازادکردنی پەنابەرەکانی داوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاندوە کە ئەوان تەنیا توانیویانە کار بۆ ئازادکردنی ئەو پەنابەرانە بکەن کە خەڵکی عێراقن و لە رووی یاساییەوە دەسەڵاتی ئەوەیان نەبووە کوردەکانی ئێران ئازاد بکەن.

ئەفشین ڕۆستەمی، برای یەکێک لە پەنابەرەکان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندوە کە ئەو 9 کەسە لە ئیستادا لەلایەن سوپای ئازادی سوریاوە دەستبەسەرن.

ناوبراو دەشڵێت بە پێی قسەی کەسێکی نزیکیان کە دانیشتوی سوریایە، سوپای ئازادی سوریا لەبەرامبەر ئازادکردنی هەر یەک لە پەنابەرەکان داوای 10 هەزار دولار دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا لەم بارەیەوە، خێزانی پەنابەرەکان لە ڕێگای کەسێکی سەر بە حکومەتی ئێرانەوە کەوتوونەتە هەوڵدان بۆ ئازادکردنی پەنابەرە دەستبەسەرەکان. راپۆرتەکە دەڵێت وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە خێزانەکانی راگەیاندوە کە پڕۆسەی ئازادکردنی پەنابەرەکان لە مانگێک بۆ سێ مانگ دەخایەنێت.

سەرچاوە/ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG