Accessibility links

فەلەستینیەکان بە چەقۆ هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیلیەکان


کابرایەکی فەلەستینی بە چەقۆ لە دوو هاوڵاتی ئیسرائیلی دەدات لە شاری ئۆرشەلیم، بەر لەوەی ئەفسەرێکی پۆلیسی سنور تەقەی لێبکات.

هەر 3 کەسەکە بریندارن بەپێی لێدوانی پۆلیس و کارمەندانی تەندروستی.

ئەم هێرشە وەک پۆلیس لە ڕاگەیەندراوەکەیدا باسی دەکات، لە وێستگەی سەرەکی پاس و ئۆتۆبیسی شارەکەدا ڕوویداوە؛ لەو ڕاگەیەندراوەشدا ئاماژەکراوە بەوەی "ژمارەیەک ئەفسەری ژن لە هێزی سنور ئەو ڕووداوەیان بینیوە و یەکێک لە ئەفسەرەکان تەقەی لە تێرۆریستەکە کردوە و بریندارە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە بۆ چارەسەرکردن."

وتەبێژێکی پۆلیسی ئیسرائیل بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەو فەلەستینییەی هێرشەکەی کردووە خەڵکی شاری خەلیلە لە کەناری ڕۆژئاوا.

کارمەندانی تەندروستی لە ڕێکخراوی مەگن داڤید ئادۆم دەڵێن ئەو هاوڵاتییە سیڤیلیانەی بەر هێرشە چەقۆییەکە کەوتوون لە ناوەڕاستی بیستەکانی تەمەنیاندان و بەر لەوەی بگەیەندرێنە نەخۆشخانەی شەعاری زیدیک، چارەسەری تەندروستییان بۆ کراوە و لە ڕەوشێکی ئاسایی تەندروستیدان.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ ئاماژەیەک نەکراوە بە ڕەوشی تەندروستی هێرشبەرەکە، بەڵام وێنەگرێکی فڕانس پرێس بینیویەتی زەردەخەنە لەسەر دەموچاوی بووە کاتێک براوە بۆ تیمارکردنی برینەکەی.

هەر زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممەش، کابرایەکی تری فەلەستینی هەوڵیداوە بە دەڕنەفیز لە سەربازێکی ئیسرائیلی بدات لە دوڕیانی جوش ئاتسیۆن لە باشوری شاری بەیت لەحم، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی لەشکری ئیسرائیل و تیایدا ئاماژە کراوە بەوەی سەربازەکان لە شوێنی ڕووداوەکەدا توانیویانە کۆنترۆڵی ئەو هێرشە تێرۆریستییە بکەن و دواتر هێرشبەرەکە بگوێزرێتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەری تەندروستی."

پشێویەکان لە کەناری ڕۆژئاوا زیاتر بوون پاش ئەوەی 6 میلیشیای فەلەستینی، هەفتەی ڕابردوو توانییان لە زیندانێکی ئاست بەرزی ئاسایشیدا ڕابکەن. ئەم ڕاکردنەش کردەی گەڕانێکی بەرفراوانی بە دوای خۆیدا هێنا و تا ئێستا چوار کەس لەو میلیشیا ڕاکردووانە دەستگیر کراونەتەوە.

XS
SM
MD
LG