Accessibility links

یەکەم فڕۆکەی بازرگانی دەگاتە فڕۆکەخانەی کابوڵ


فڕۆکەکەی هێڵی ئاسمانی نێونەتەوەیی پاکستان
فڕۆکەکەی هێڵی ئاسمانی نێونەتەوەیی پاکستان

یەکەم فڕۆکەی بازرگانی نێونەتەوەیی لە فڕۆکەخانەی کابوڵ نیشتۆتەوە لەوەتای تاڵیبان لە مانگی ڕابردووەوە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست لە ئەفغانستان.

فڕۆکەخانەی کابوڵ پڕ بووە لە خاشاک، پاش ئەوەی هێزە بیانییەکان ڕۆژی 30ی مانگی 8 لە کشانەوە بێسەروبەرەکەی خۆیان تەواو بوون و زیاتر لە 120 هەزار کەسیشیان لەو وڵاتەوە گواستەوە.

لەو ڕۆژەوە تاڵیبان لە هەوڵدا بووە تا فڕۆکەخانەکە بخاتەوە کار لەگەڵ یارمەتییە تەکنیکییەکانی قەتەر و وڵاتانی تردا.

ڕۆژنامەوانێکی ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێس دەڵێت، لەو فڕۆکەیەی هێڵی ئاسمانی نێونەتەوەیی پاکستاندا تەنها نزیکەی 10 کەسی تیادابووە و لەوانەیە زۆربەشیان تاقمی فڕۆکەوانەکە بووبن.

دەستپێکردنەوەی ئەم گەشتە بازرگانییە ئاسمانیانە، تاقیکردنەوەیەکی سەرەکی دەبێت بۆ تاڵیبانی توندڕەوی ئیسلامی کە بەردەوام پەیمانیداوە بۆ ڕێگەپێدانی هاوڵاتیانی ئەفغانی، تا ئازادانە وڵاتەکە جێبهێڵن ئەگەر هەموو بەڵگەنامە و نوسراوەکانی پێویستن پێیان بێت.

زۆرێک لە وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ، دانیان بەوەدا ناوە کاتیان بەدەستەوە نەمابوو بۆ گواستنەوەی هەزاران کەس لەو هاوڵاتیانەی ئەفغانستان کە مەترسییان لەسەر بووە تا ئەو دوا وادەیەی ئەمەریکا و تاڵیبان ڕێککەوتنیان لەسەر کردبوو.

وتەبێژێکی هێڵی ئاسمانی نێونەتەوەیی پاکستان دەڵێت هێڵی ئاسمانییەکەی بە پەرۆشە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئەفغانستاندا بەڵام هێشتا زووە بگوترێت چەند گەشتی ئاسمانی لە نێوان هەردوو پایتەختدا دەکرێت.

لە هەفتەی ڕابردوودا، قەتەرییەکان ژمارەیەک گەشتی ئاسمانییان لە کابوڵەوە بەڕێوەبرد و زیاتر خەڵکی بیانی و ئەو هاوڵاتیانەی ئەفغانی تیادابوون کە فریای پرۆسەی گواستنەوەکە نەکەوتبوون.

ڕۆژی 3ی مانگی 9 هێڵێکی ئاسمانی ئەفغانستان گەشتی ناوخۆی وڵاتەکەی دەستپێکردەوە

XS
SM
MD
LG