Accessibility links

جوداییخوازانی ئۆکرانیا 3 سەربازی وڵاتەکە دەکوژن


3 سەربازی ئۆکرانیایی دەکوژرێن و 10 سەربازیش بریندارن لە ناوچەی ڕۆژهەلاتی بە شەڕ وێرانبووی ئۆکرانیادا.

کوژران و برینداربوونی ئەم سەربازانەی ئۆکرانیا لە کاتێکدایە ئاستی پشێوی و نائارامی لە بەرزبوونەوەدایە لەو ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا، وەک لەشکر ئاماژەی پێکردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی لەشکردا هاتووە "لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا جوداییخوازانی سەر بە ڕوسیا بە تۆپی قورس و ئاڕ پی جی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە پێگەکانی پێشەوەی ئۆکرانیایان داوە."

لەو ڕاگەیەندراوەشدا ئاماژەش بە زیانە گیانییەکان کراوە و دەڵێت دووان لە سەربازەکان ڕۆژی شەممە کوژراون و سێهەمیشیان ئەمڕۆ یەکشەممە کوژراوە و دەشڵێت زۆربەی ئەو هێرشانەش کراونەتە سەر ناوچەی دۆنێتسک لە ڕۆژهەلاتی ئۆکرانیا.

لە ڕاگەیاندراوێکی پێشتریشیدا، لەشکری ئۆکرانیا دەڵێت لە کاتی ئەو هێرشانەدا هیچ زیانێک لە دانیشتوانی ناوچەکە نەکەوتووە.

لەشکری ئۆکرانیا لە قەیراندایە لەگەڵ جوداییخوازانی سەر بە ڕوسیا لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوگانسک، پاش ئەوەی ڕوسیا دوڕگەی قرم لە ئۆکرانیا جیادەکاتەوە.

کیێڤ دەڵێت لەوەتای سەرەتای ئەمساڵەوە بەلانیکەم 53 سەربازی ئۆکرانیایی کوژراون و ساڵی پاریش 53 سەربازی وڵاتەکە لەو قەیرانەدا کوژراون.

جوداییخوازانیش دەڵێن لەوەتای مانگی یەکی ڕابردووەوە 30 سەربازیان کوژراوە.

ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، مۆسکۆ گوناهباردەکەن بە ناردنی هێزی سەربازی و چەک بۆ جوداییخوازان، ڕوسیا نکوڵی لەو گوناهبارکردنە دەکات.

XS
SM
MD
LG