Accessibility links

قەتەر یەکەم وڵاتە سەردانی فەرمی ئەفغانستانی ژێر فەرمانڕەوایەتی تاڵیبان بکات


وەزیری دەرەوە و جێگری سەرەک وەزیری قەتەر
وەزیری دەرەوە و جێگری سەرەک وەزیری قەتەر

وەزیری دەرەوەی قەتەر کە هەر بۆ خۆیشی جێگری سەرەک وەزیری وڵاتەکەیە، سەردانێکی کورتخایەنی کردووە بۆ ئەفغانستان.

ئەم سەردانەی شێخ موحەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی، بە یەکەم سەردانی گەورە دیپلۆماتێکی بیانی دادەنرێت بۆ ئەفغانستان لەوەتای تاڵیبان دەسەڵاتی گرتۆتە دەست.

لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، شێخ موحەمەد نوسیویە، لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی ڕژێمی نوێی ئەفغانستاندا کۆبۆتەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەسەر وتووێژەکان باس نەکردووە.

تاڵیبان، وێنەی شێخ موحەمەد و مەلا موحەمەد حەسەن ئاخوند، سەرەک وەزیری نوێی ئەفغانستانی بڵاوکردۆتەوە، لە کاتێکدا وێنەی وەزیری دەرەوەی قەتەر و حامید کارزایی، سەرۆکی پێشووی ئەفغانسان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا بڵاوکراونەتەوە.

دەمێک ساڵە وڵاتی قەتەر وەک ناوبژیکارێک لە ئەفغانستاندا ڕۆڵ دەگێڕێت و میوانداری وتووێژەکانی نێوانی تاڵیبان و ئەمەریکایشی کردووە هاوکاتی سەرۆکایەتییەکەی دانۆڵد ترامپ و هەروەهاش وتوێژی تاڵیبانیش لەگەڵ حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی، سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان.

قەتەر یارمەتیدەریش بووە لە پشتیوانیکردنی دەیان هەزار کەس لەوانەی لە ئەفغانستان گواستراونەتەوە لەو چەند هەفتەیەی کۆتاییهێنرا بە ئەرکی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستاندا، لە وڵاتی قەتەرەوە نێردراون بۆ وڵاتانی تر.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێشتا بە فەرمی داننەنراوە بە ئەفغانستانی ژێر فەرمانڕەوایەتی تاڵیباندا.

XS
SM
MD
LG