Accessibility links

ئێران ڕێکدەکەوێت بۆ هاوکاریکردنی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی


ئێران و دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ڕێککەوتون لەسەر ڕێگەدان بە پشکنەران بۆ سەرپەرشتیکردن و پاراستنی ئامێرەکانی چاودێری دەزگاکە.
تاران لە سەرەتاکانی ئەمساڵەوە ڕیگەی لە پشکنەران گرتبوو لەوەی بتوانن سەرپەرشتی ئامێرەکانیش بکەن.

لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا هاتووە هەردوولا ڕێککەوتون لەسەر "ڕێگەپێدان بە پشکنەرانی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، بۆ پاراستنی ئامێرەکانی چاودێری و گۆڕینی نێوەندەکانی کۆکردنەوەی زانیارییەکان."

ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، ڕۆژی شەممە گەیشتە تاران بۆ وتووێژکردن لەسەر هاوکارییەکانی نێوان هەردولا.

ئەم سەردانەی گرۆسی پاش ڕەخنە و ناڕەزاییەکانی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بوو لەسەر ئەوەی ئێران هاوکاری دەزگاکە ناکات.
ڕافائێل گرۆسی، ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ موحەمەد ئیسلامی، سەرۆگی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێراندا کۆبووەوە.

لە ڕاگەیەندنە هاوبەشەکەیاندا هاتووە "هەردوولا بڕیاریان داوە درێژە بە کاری هاوبەش و کۆبوونەوەکانیشیان بدەن لەسەر ئاستی پەیوەندیدار بەم دۆسێیەوە."

هەر لەو ڕاگەیەندراوەشدا هاتووە، گرۆسی بەرنامەی سەردانێکی تری هەیە بۆ تاران لە ئایندەیەکی نزیکدا.

ئەم سەردانەی سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بۆ تاران دوابەدوای ئەو دانوستاندنی زلهێزەکانی جیهانە بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران.

لەو ڕێککەوتنەی ساڵی 2015دا سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن لە بەرامبەر ئەوەی تاران بەرنامە ناوکییەکەی ڕابگرێت، بەڵام پاش کشانەوە یەکلایەنەکەی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا و سەپاندنی سزای قورس بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئەم ڕێککەوتنە تا ئەندازەیەکی بەرچاو لەکار کەوت.

لەوکاتەشەوە ئێران دەستبەرداری زۆرێک لە وابەستەییەکانی خۆی بووە و ئەمەش کاریگەری کردە سەر تواناییەکانی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بۆ چاودێرکردنی جموجۆڵە ناوکییەکانی ئێران.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک جۆو بایدن، داکۆکی دەکات لە گەڕانەوە بۆ گرتنەبەری ڕێگەی دیپلۆماتیانە بۆ ڕزگارکردنی ئەو ڕێککەوتنە ناوکییە.

یەکێک لە خاڵەکانی ناکۆکییان لەسەر بووە لە وتووێژەکانی ڤیەننادا ئەو کۆتوبەندانە بوون کە ئێران سەپاندبوونیە سەر توانایی چاودێریکردنی دامەزراوە ناوکییەکانی.
تاران دابینکردنی فیلیمەکان و زانیارییەکانی ئامێرەکانی چاودێریکردنی بۆ دەزگای نێوەنەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، ڕەتدەکردەوە.

XS
SM
MD
LG