Accessibility links

كاردانەوەكان لەسەر هێرشی 2 درۆن بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر


بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "درۆن" هێرشكرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و هێرشەكەش كاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە ئەنجامدراوە ئەمە بەگوێرەی زانیاریەكانی پەیجی دژە تیرۆری كوردستان، و بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو هێرشە هیچ زیانێكی گیانی و مادی لێنەكەوتووەتەوە و پێشوازیان لە حەڤدە گەشت كردووە و حەڤدە گەشتی تریشیان بەڕێكردووە.

شارۆچكەی عەینكاوەی زۆرینە كریستیان نشین، لە تەنیشت فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە، سەبارەت بە دەنگی ئەو هێرشەی سەر فڕۆكەخانە و كاریگەری و مەترسییەكانی بۆ سەر خەڵكی شارۆچكەی عەنكاوە، ڕۆدی چالاكوانێكی كریستیانە و دانیشتووی عەینكاوەیە و لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئێمە لەو ماوەیەدا فێربووین هەر دوو سێ مانگ شتێكی وا ڕوودەدات و شتەكە نۆرماڵە و لە ئەمنیەتیش ناترسین چونكە متمانەمان بە حكومەت هەیە كە پارێزگاریمان لێ بكات".

سەبارەت بە زیانە گیانی و مادیەكان و كاریگەریەكانی ئەو هێرشانە بۆ سەر گەشتە ئاسمانیەكانی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و شوێنی كەوتنی ئەو درۆنانە، ئەحمەد وشیار بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە دەنگی ئەمەریكای وت" لە دوێنێ شەوەوە تا ئەمڕۆ پێشوازیمان لە حەڤدە گەشت كردووە و حەڤدە گەشتیشمان بەڕێكردووە، هیچ زیانێكی گیانی و مادی لێنەكەوتووەتەوە و گەشتەكانیش لە فڕۆكەخانەی هەولێر بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەدەچێت."

لەسەر هەڵویستی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق و ئەنجامی بەدواداچوونەكانی ئەو لیژنەیەی لەبارەی ئەو جۆرە هێرشانەوە؛ ناسر هەركی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریكای وت" ساڵێك لەمەوپێش لیژنەیەكی ئاسایشیدانرا كە لە 11 كەس لە هەموو عێراق پێكهاتبوون بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو هێرشانەی سەر هەولێر و فڕۆكەخانە و ئەو هێرشانەی سەر كاروانی هێزە بیانیەكان، ئەو لیژنەیە لە ماوەی مانگێكدا كارێكی دروستیان كرد و گەیشتنە هەندێك ئەنجامی باش و توانیان نزیكەی 22 كەس دەستنیشان بكەنكە دەستیان لەو كردەوانەدا هەبووە تا دوو لەوانەش ئەوانە بوون كە هێرشیان كردە سەر فرۆكەخانەی هەولێر ئەو زانیاری و ناوانە ڕادەستی دەسەڵاتی یەكەمی جێبەجێكردنی عێراق كران بەڵام بەڕاستی نازانین كە ئاخۆ هیچ ئیجرائاتێك لەگەڵ ئەو خەڵكانەدا كرا یان نا."

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەبارەی ژمارەی ئەو درۆنانە و پشێوی نێو فڕۆكەخانە لەكاتی ئەنجامدانی هێرشەكە، دەڵێت "تەنها یەك گەشتمان هەبوو ئەویش فڕۆکەکەمان لە ئاسمان هێشتەوە تا دڵنیابووین كە هیچ زیانێك بە فڕۆكەخانەكە نەگەیشتووە، ئینجا ڕێگەمان دا و فڕۆكەكە نیشتەوە. 2 درۆن بوون یەكێكیان بەر دیواری هێزی هاوپەیمانان و ئەوەی تریش دوور لە فڕۆكەخانە كەوتەخوارەوەو هیچ زیانێكی مادی و گیانی لێنەكەوتەوە."

بڕیاردەرەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دەڵێت "داوامان لە حكومەتی عێراق كردووە كە پێویستە هەڵویستێكی جدی وەربگرن بەرامبەر ئەو گروپانە بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حكومەت نەیتوانیوە ڕووبەڕووی ئەو چەكدارانە ببێتەوە و دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت و ڕێگربێت، چاوەڕوانین لە هەڵبژاردنی داهاتوو حكومەت ببێتە حكومەتێكی بەهێز و بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو هێزانە ببێتەوەئەگەر نا ڕەوشی عێراق لەوە باشتر نابێت، هەموو كاتێك ئەوانەی كە لە دەسەڵاتن دەڵێن ئەو گروپانە سەر بە ئێمە نین و دژی ئەو گرووپانەین."

زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی ئەحمەد زێباری، پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکادایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:05 0:00


XS
SM
MD
LG