Accessibility links

پارێزگارەکانی هەرێم : داوای نەوتی سپی و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانمان لە بەغدا کردوە.


پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق

دوای ئەوەی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردو لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت داوایان لە بەغدا کردووە نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیان بەر لە هاتنی وەرزی سەرما بگەیەنرێتە هەرێم و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێمیش لەلایەن بەغداوە دابینبکرێت، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بەڵێنی داوە تا کۆتایی ئەم ساڵ، گرفتە ئیدارییەکانی هەڵەبجە وەک 19 هەمین پارێزگای عێراق تەواوبکات.

دوای ئەوەی شاندێکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانکە پێکهاتبوون لە پارێزگارەکانی هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر و دهۆک دوێنێ سەردانی بەغدایان کردو لەگەڵ هەریەک لەسەرۆکی کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و بەشدارییان لە کۆبوونەوەی نائاسایی پارێزگاکانی عێراق کرد بەسەرۆکایەتی مستەفا ئەلکازمی لەسەر ئامادەکاریەکانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کرد، پارێزگاری هەڵەبجە داواکاری پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق دەخاتە ڕوو دەشڵێت کێشە و گرفتە یاساییەکانی پارێزگای هەڵەبجە وەک 19 هەمین پارێزگای عێراق باس و خواسیان لەسەر کراوە و سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی تەواوکردنی گرفتەکانی داوە.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە


ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە سەردانەکەیان دەڵێت " سەردانی پارێزگاکانی هەرێم بۆ بەغدا بۆ کۆبوونەوە بوو لەگەڵ سەرۆکی کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیران و کۆبوونەوەی سەرجەم پارێزگارەکان بەمەبەستی قسەکردن بوو لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و دابینکردنی کەشێکی دیموکراسی و هێمن و پشتیوانی بوو لە کۆمسیۆن و لقەکانی لە پارێزگاکان ".

سەبارەت بە کەیسی هەڵەبجە پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە هەریەک لە پارێزگارەکانی هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر و دهۆک ئامادەبوون و داوامان کرد نابێت کەیسی هەڵەبجە بەداخراوی بمێنێتەوە، کە لە ماوەی ڕابردوودا لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە بە هەوڵەکانی سەرۆکی کۆمار و پەرلەمانی عێراق کەیسەکە جوڵێنراوە ، بەڵێنی ئەوە درا وەزیری پلاندانانی عێراق سەردانمان بکات و مستەفا کازمیش جەختی لەوەکردوەتەوە کە پێویستە کەیسەکە تەواوبکرێت ".

پارێزگاری هەڵەبجە هەر لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی پارێزگارەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت "لەسەر نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان داوامان کرد بەر لە هاتنی وەرزی سەرما نەوت بگاتە هاوڵاتیان و بڕیارە تا مانگی 11 بگات، هاوکات داواشمانکرد بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نەبڕێت و پەلەبکرێت لە پێدانی ئەو بودجەیە تا لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی هەرێم بەکاربهێنرێت".

کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی عێراق لەگەڵ پارێزگارەکاندا لە چوارچێوەی ئەو ئامادەکاریانەدایە کە عێراق بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دەیانگرێتە بەر و پاراستنی لقەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگاکان و هاوکاری کردنی هاوڵاتیان لەدابینکردنی کەشێکی هێمن و ئارام بۆ پرۆسەکە دیارترین خاڵی جەوهەری بووە بە وتەی پارێزگارەکان کە جەختیان لێکردۆتەوە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی، پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکادایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:01 0:00


XS
SM
MD
LG